ڕێبەری موسڵمانەكانی ڕۆهینگیا تیرۆركرا

ڕێبەری موسڵمانەكانی ڕۆهینگیا تیرۆركرا

پەیامی کورد … ڕێبەری موسڵمانەكانی ڕۆهینگیا تیرۆركرا

وتەبێژێكی نەتەوە یەكگرتووەكان و بەرپرسانی پۆلیسی ناوخۆ رایانگەیاند، چەكدارێك ڕابەری موسوڵمانەكانی ڕۆهینگیای لە كامپێكی پەنابەران لە باشووری بەنگلادیش كوشتووە، ئەمەش دوابەدوای چەند مانگێك لە توندوتیژییەكان لە گەورەترین كامپی پەنابەران لە جیهاندا.

ڕابەری موسوڵمانەكانی ڕۆهینگیا، موحیبولڵا، كە تەمەنی لە چلەكاندا بوو، ڕابەرایەتی یەكێك لە گەورەترین گروپە جیاوازەكانی دەكرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە ساڵی (2017) داو بەهۆی هەڵمەتە سەربازییەكەی میانمارەوە دژی موسڵمانەكانی وڵاتەكە، زیاتر لە (730,000) هاوڵاتی موسڵمانی ڕۆهینگیا لە میانمار هەڵهاتن.

موحیبولڵا بانگهێشت كرابوو بۆ كۆشكی سپی و هەروەها داوای لێكرابوو لە ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكاندا قسە بكات، یەكێك بووە لە پارێزەرە هەرە دیارەكانی ڕۆهینگیا، ڕۆهینگیا كەمینەیەكی موسڵمانن و ماوەیەكی دورودرێژە ڕووبەڕووی سەركوتكردن دەبنەوە.

ئەفسەرێكی پۆلیسی شارۆچكەی كۆكسی بازاڕ ڕەفیقول ئیسلام بە ڕۆیتەرزی وت: موحیبولڵا تەقەی لێكراوەو كوژراوە، بەڵام هیچ وردەكارییەكی دیكەی نەدا.

وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای پەنابەران لە نەتەوە یەكگرتووەكان وتی: دەزگاكە زۆر خەمبارە بە كوژرانی موحیبولڵا، وتی: بەردەوامین لە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەرپرسانی پۆلیسدا كە بەرپرسن لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی كامپەكان.

جێگەی ئاماژەیە گروپەكەی موحیبولڵا، ئاراكان ڕۆهینگیا بۆ ئاشتی و مافەكانی مرۆڤ، بەوە ناسرا كە سەرجەم ئازارەكانی ڕۆهینگیاكانی لەمیانەی هەڵمەتە سەربازییەكەی میانماردا وەكو بەڵگەنامەیەك نوسییەوە، نەتەوە یەكگرتووەكانیش دەڵێت: ئەو هەڵمەتە سەربازییەی میانمار نیاز لێی كۆمەڵكوژی بووە.

گروپەكەی موحیبولڵا كاری دەكرد تاوەكو پەنابەرانی ڕۆهینگیا لە كامپەكان و جیهاندا دەنگیان هەبێت، لە میانەی وتارەكەیدا لە ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان وتی: ڕۆهینگیا دەیانەوێت قسەی خۆیان هەبێت لەسەر داهاتوویان.

بەڵام دەركەوتنی موحیبولڵا بووە هۆی ئەوەی بە ئامانج بكرێت و هەڕەشەی كوژرانی لێدەكرا، لە ساڵی (2019) دا بە ڕۆیتەرزی وت : ئەگەر بمرم، باش دەبم، ژیانی خۆم دەبەخشم.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە