پەیامی کورد... ئەڵمانیا بارەگایەکی حیزبوڵڵای لوبنان دادەخات
هێزە ئەمنییەکانی ئەڵمانیا بارەگایەکی سەر بە میلیشیای حیزبوڵڵای لوبنانی دادەخەن.
ئەمڕۆ شەممە 19-3-2022، ڕۆژنامەی (جۆرشەلیم پۆست)ی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسانی ناوچەکە، بڵاوی کردووەتەوە، بنکەی (ئەلموستەفا) لە شاری برێمن لە ئەڵمانیا کار بۆ بەرژەوەندیی حیزبوڵڵای لوبنانی دەکات و هانی توندوتیژی و تیرۆر دژی ئیسرائیل دەدات.
هەر وەک ئەو ڕۆژنامەیە بڵاوی کردووەتەوە، هێزە ئەمنییەکان لەو بنکەیە دەستیان بەسەر چەندین کتێبی دژی بە ئیسرائیلدا گرتووە کە بیری توندڕەوی و دژایەتیی ئیسرائیلیان لە هزری خوێنەرانی دەچەسپاند.
هێزە ئەمنییەکان بەپێی یاسای قەدەغەکردنی چالاکییەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی لە ئەڵمانیا، بنکەکەیان داخستووە.
حیزبوڵڵا میلیشیایەکی سیاسی و چەکداریی لوبنانییە و کۆماری ئیسلامیی ئێران پاڵپشتیی ماددی و مەعنەویی ئەو میلیشیایە دەکات.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە