پەیامی کورد... تەندروستی جیهانی: زیاتر لە ١٠٠ هێرشی ئاسمانی کراونەتە سەر یەکە
بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ڕایگەیاند، لە ٢٤ی (شوبات/٢) ی ئەمساڵەوە کە هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەستیان پێکردووە، زیاتر لە ١٠٣ هێرش کراونەتە سەر یەکە و دامەزراوە تەندروستییەکان و لەو هێرشانەشدا ٧٣ کارمەندی تەندروستی لەڕێگەی هێرشە ئاسمانییەکانەوە کوژراون و ٥١ کارمەندی دیکەش برینداربوون.
بەپێی تۆڕی هەواڵی DWی ئەڵمانی، تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ڕووسیای بۆ سەر یەکە و دامەزراوە تەندروستییەکانی ئۆکراینا کرد و ڕایگەیاند، لە دەستپێکی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا زیاتر لە ١٠٣ بنکە و دامەزراوەی تەندروستی کراونەتە ئامانج.
وتیشی، "بەهۆی ئەو هێرشانەی کە ڕووسیا لە ٢٤ی (شوبات/٢) ی ئەمساڵ کردییە سەر ئۆکراینا زیاتر لە ٧٣ کارمەندی تەندروستی بە هۆکاری جیاواز و بە تایبەت لەڕێگەی هێرشە ئاسمانییەکانەوە کوژراون و ٥١ کارمەندی دیکەش برینداربوون".
سەرکۆنەی تەواوی ئەو هێرشانەی ڕووسیا بۆسەر کەرتی تەندروستی لە ئۆکراینا دەکەین
تێدرۆس ئەدهانۆم باسی لەوەشکرد، "سەرکۆنەی تەواوی ئەو هێرشانەی ڕووسیا بۆسەر کەرتی تەندروستی لە ئۆکراینا دەکەین، لە ماوەی دەستپێکی هێرشەکەوە لە کۆی ١٠٣ هێرش ٨٩ هێرشیان بە ئامانج گرتنی بێ پاساوی یەکە و دامەزراوە تەندروستییەکانی ئۆکراینا بوون، بەشێکی زۆریش لە هێرشەکان بۆ ئۆتۆمبێلە فریاکەوتنەکانی کیێڤ بووە".
تێدرۆس ئەدهانۆم جەختی لەوەش کردەوە، "پەلاماردان و هێرشکردنە سەر یەکەکانی تەندروستی لە ئۆکراینا جێی قبووڵکردن نییە و تاوانە دژ بە مافەکانی مرۆڤ، پێویستە ڕووسیا کۆتایی بەم هێرشە بێ پاساوانەی بۆ سەر یەکەکانی تەندروستی ئۆکراینا بهێنێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە