ڤیاڕیال بۆ یەکجار کاسی یۆروپا لیگی بردەوە

ڤیاڕیال بۆ یەکجار کاسی یۆروپا لیگی بردەوە

پەیامی کورد … ڤیاڕیال بۆ یەکجار کاسی یۆروپا لیگی بردەوە

 

شەوی چوارشەممە یاری کۆتایی خولی ئەوروپی “یوروپا لیگ” لەنێوان یانەکانی ڤیاڕیاڵی ئیسپانیا و مانچستەر یونایتدی بریتانیا ئەنجامدرا و یانە ئیسپانییەکە بە لێدانی یەکلاکەرەوە بردنەوەی تۆمارکرد.

 

لە تایمی یەکەمدا ئەستێرەکانی ئونای ئیمیری باڵادەستییان نیشاندا و توانیان لە خولەکی ٢٩ بە تۆپێکی وەستاو لەڕێگەی جێرارد مۆرینیۆ گۆڵی پێشەنگی تۆماربکەن، جگە لەو گۆڵەش چەندین هەلی تۆمارکردنی دیکەیان لەدەستدا، ئەو تایمە بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام لە بەرژەوەندی “ژێرئاوگەڕەکانی ئیسپانیا” کۆتاییهات.

 

لە تایمی دووەمدا ئولی گۆنار سۆڵشایەر پلانەکانی گۆڕی و لە سەرەتاکانەوە فشاریان لەسەر گۆڵی جیرونیمۆ ڕولی دروستکرد، لە خولەکی ٥٥ ئیدینسۆن کاڤانی گۆڵی یەکسانکردنەوەی یارییەکەی تۆمارکردەوە و بووە بەتەمەنترین یاریزانی مانچستەر یونایتد لە فاینەڵی خولە ئەوروپییەکاندا گۆڵ تۆماردەکات (٣٤ ساڵ).

 

سەرەڕای ئەوەی هێرشبەرانی هەردوو یانە هەوڵی تۆمارکردنی گۆڵی پێشەنگییاندا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و ٩٠ خولەکی یاسایی بە یەکسانبوون کۆتاییهات، بەناچارییەوە پەنا بۆ کاتی زیادکراوبرا.

 

 

لە کاتە زیادکراوەکاندا توانستی جەستەیی یاریزانان ڕۆڵی گێڕا، هەردوو یانە بەهێزەوە دەرکەوتن و سیناریۆکانی تایمی یەکەم و دووەمیان دووبارەکردەوە، یارییەکە بە یەکسانبوون (١-١) کۆتاییهات.

 

بە لێدانی یەکلاکەرەوە (١١-١٠) یانەی ڤیاڕیاڵ بردنەوەی تۆمارکرد و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا ناسناوی یۆروپا لیگیان بەدەستهێنا.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە