لە ساڵێکدا ١٥٠ منداڵ لە شەقامەکانی سلێمانی دوور خراونەتەوە

لە ساڵێکدا ١٥٠ منداڵ لە شەقامەکانی سلێمانی دوور خراونەتەوە

پەیامی کورد... لە ساڵێکدا١٥٠ منداڵ لە شەقامەکانی سلێمانیدوور خراونەتەوە

قایمقامیەتی سلێمانی ڕای دەگەیێنێت، تەنیا ساڵی ڕابردوو ١٥٠ منداڵیان لەسەر شەقامەکان دوور خستووەتەوە و داواش لە ڕێکخراوەکان دەکەن هاوکاریان بن.

قایمقامیەتی سلێمانی بڵاوی کردەوە، لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە و بە هاوکاری ڕێکخراوی منداڵ پارێزیی کوردستان کار بۆ نەهێشتنی دیاردەی منداڵانی ئیشکەری سەرشەقامەکان دەکەن و لەڕێگەی یاسایەوە خێزانەکانیان پابەندی پاراستنی مافی منداڵەکان دەکات.

ئاماژەشیان بەوە کرد: لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی پاراستنی منداڵ ئاوات محەممەد قایمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو لیژنەیە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کاری زۆر باشی کردووە بۆ نەهێشتنی کارکردن و دەرۆزەکردنی منداڵ کەلەلایەن خێزانەکانیانەوە بەکار دەهێنرێن.

‎وتیشی چەند جارێک لەسەر ئەم بابەتە کۆبوونەوەیان کردووە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و ڕێکخراوە ناوخۆیی و جیهانییە ناحکومییەکانمان بەشداری پێکردووە و داوامان لێکردوون لەگەڵمان هاوکار بن بۆ ئەوەی ڕێگە بگرین لە پێشێلکردنی مافی ئەو منداڵانە، بەڵام لەگەڵیان هاوکار نەبوون و وەکوو پێویست نەهاتوونەتە پێشەوە، بۆیە داوا دەکەن بەتایبەت ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان لەگەڵیان هاوکار بن.

‎قایمقامی سلێمانی جەختی لەوەش کردووەتەوە، بەشی زۆری ئەو منداڵانە ئاوارەکانی سووریا و ناوەڕاستی عێراقن و پابەندی کولتوور و یاساکانی ئێرە نابن، ترسیان لەوەیە خێزان و منداڵەکانی ناوخۆی شارەکان تێکەڵ بەم ئیشە ببن کە لەرووی کلتورییەوە بە ئێمە نامۆیە.

‎لای خۆشیەوە بەختیار غەفوور نوێنەری منداڵپارێزی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی پاراستنی منداڵ لە لیژنە هاوبەشەکان وتویەتی، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا لە شاری سلێمانی ١٥٠ منداڵیان لەسەر شەقامەکان کۆ کردووەتەوە و خێزانەکانیان دۆزیونەتەوە، فۆرمی زانیاری و بەڵێننامەی یاساییان پێ پڕکراوەتەوە کە بە هیچ جۆرێک کار بەو منداڵانە نەکرێت، لە کاتی پابەند نەبوونییان لەڕێگەی یاسا و داواکاری گشتییەوە خێزانی منداڵەکە بە بەندکردن یاخود سزای دارایی سزا دەدڕێن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە