پەیامی کورد... ئێران هەناردەکردنی غازی بۆ عێراق زیاد کردووە
وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند کە ئێران ھەناردەکردنی غازی بۆ عێراق زیاد کردووە و گەیاندووەتەوە 45 ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا.
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەحمەد موسا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە، ئەو سەردانەی کە لە ماوەکانی رابردوودا، شاندی وەزارەتی کارەبا بۆ تاران ئەنجامی دا، بووە ھۆی ئەوەی کە ئێران ھەناردەکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە عێراق زیاد بکات و گوتی: "لەئێستادا ئێران رۆژانە، 45 ملیۆن مەتر سێجا غاز، ھەناردەی عێراق دەکات".
ئەحمەد موسا ئاماژەی بەوەیشداوە کە ئێران ئامادەیی خۆی نیشانداوە لەبارەی زیادکردنی ھەناردەکرنی غاز بۆ عێراق و وتی: "عێراق بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی غاز، رۆژانە پێویستی بە 55-60 ملیۆن مەتر سێجا غاز ھەیە، بەڵام ئێران رایگەیاندووە کە لەئێستادا دەتوانێت، تەنھا 45 ملیۆن مەتر سێجا غاز لە رۆژێکدا ھەناردەی عێراق بکات".
ناوبراو راشیگەیاندووە کە لەئێستادا، ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە عێراق گەیشتووەتە، 25 ھەزار و 280 میگاوات.
عێراق ساڵانێکی زۆرە بۆ دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت، بەڵام ناوە ناوە ئێران بە بیانووی جیاجیا ھەناردەکردنی غاز بۆ عێراق کەم دەکاتەوە یان رادەگرێت.
لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاویندا، خۆپیشاندان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق دژبە نەبوونی کارەبا ئەنجام دەدرێن، بە تایبەتیش کە پلەکانی گەرما لەو وەرزدا لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق دەگاتە 43 پلەی سەدی و ھەندێک جارە دەگاتە 48 پلەی سەدی.
ساڵی رابردوو حکوومەتی عێراق ژمارەیەک یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ سعوودیە بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا واژوو کرد کە بەپێی یاداشتنامەکان، ھەردوو وڵات بە تۆڕی کارەبا دەبەسترێنەوە.
عێراق ھەوڵی ھەمەجۆڕکردنی سەرچاوەکانی ھاوردەکردنی کارەبا دەدات، دوای ئەوەی لە میانی ساڵانی رابردوودا، بۆ دابینکردنی کارەبا تەنھا پشتی بە ئێران بەستبوو.
بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبای عێراق، بۆ پڕکردنەوەی پێدوایستییەکان، ئەو وڵاتە پێویستی بە 30 ھەزار میگاوات کارەبا ھەیە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە