پەیامی کورد... سکرتێری ناتۆ: رووسیا پەنا بۆ چەکی ئەتۆمی ببات، باجێکی گەورە دەدات
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیرانی بەرگریی ناتۆ لە برۆکسل کۆدەبنەوە. بەر لە کۆبوونەوەکان سکرتێری ناتۆ هۆشداری بە رووسیادا لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی و وتی، "کەس لەو شەڕەدا سەرکەوتوو نابێت."
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری ناتۆ لەبارەی دوایین هێرشەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا رایگەیاند، بە ئامانجکردنی ژێرخانی وزە و ئابووریی ئۆکراینا پێشهاتێكی "مەترسیدارە" و بەڵگەیە لەسەر ئەوەی رووسیا دەیەوێت "درێژە بە شەڕەکە بدات."
رۆژی دووشەممە رووسیا دوای زیاتر لە 100 رۆژی هێرشیکردە سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا.
لەبارەی هەڵوێستی ناتۆ بۆ شەڕی ئۆکراینا، یانس ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوە کرد کە ناتۆ بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ئۆکرانیا و پێدانی دژە ئاسمانی زیاتر بەو وڵاتە تاوەکو بتوانێت "باشتر" بەرگریی لە خۆی بکات. هەروەها بابەتی هاوکاریی ئۆکراینا بەشێک دەبێت لە گفتوگۆکانی ئەمڕۆ لە برۆکسل. وتیشی، "ناتۆ ئامادەیە بۆ شەڕێکی دوورمەودا لە ئۆکراینا."
27ی شوباتی ئەمساڵ، سێ رۆژ دوای هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا، ڤلادیمیر پووتین بە فەرمی چەکی ئەتۆمی خستە باری ئامادەباشییەوە و چەند جارێکی دیکە هەڕەشەی بەکارهێنانی کردووە.
لەبارەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن رووسیاوە، یانس ستۆڵتنبێرگ دەڵێت، "رووسیا لە هیچ ناوچەیەک جووڵەی بە چەکی ئەتۆمی نەکردووە، ئەگەریش بیر لەوە بکاتەوە بەکاریبهێنێت باجێکی قورسی دەبێت، چونکە سەرکەوتن لە جەنگی ئەتۆمی ئەستەمە."
بەگوێرەی پەیمانگەی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی، لە جیهاندا نۆ وڵات خاوەنی چەکی ئەتۆمین؛ رووسیا بە 5977 چەک، خاوەنی زۆرترینە و دووەمیان ئەمریکایە کە 5428 چەکی ئەتۆمی هەیە. چین 350، فەرەنسا 290، بەریتانیا 225 چەک، هیندستان 160 و پاکستان 165 چەکی ئەتۆمییان هەیە، باوەڕ وایە ئیسرائیلیش خاوەنی 90 چەکی لەو جۆرە و کۆریای باکووریش 20 دانەی هەیە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە