پەیامی کورد... وردەکارییەکانی سەردانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئۆكرانیا
وردەکارییەکانی سەردانی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بۆ کیێڤ پایتەختی ئۆکراینا کە لەمێژە لە رۆژەڤدایە، بەڵام تاکوو دوا ساتەکان بەنهێنی هێڵدرایەوە، لەلایەن ئەو پەیامنێرانەوە خرایە روو کە چاودێری سەردانەکەیان کردبوو. پەیامنێری رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە واشنتۆن، سابرینا سدیقی لەبارەی وردەکارییەکانی سەردانەکەی بایدن-ەوە لە رێککەوتی ٢٠ی شوبات -کە پێشتر رووسیا لەو سەردانە ئاگادار کرابوویەوە- بۆ کیێڤ دوا.
لەمبارەیەوە سابرینا سدیقی ئاماژەی بەوە داوە کە رێککەوتی ١٧ی شوبات لەگەڵ پەیامنێری ئەسۆوشیەیتید پرێس، ئیڤان ڤوجی بۆ "کۆبوونەوەیەکی تایبەت" بانگهێشت کراوە لە نووسینگەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆشکی سپی، کەیت بێدینگفیڵ، بێدینگفیڵ لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بووە و بە سدیقی و ڤوجی راگەیاندووە کە بایدن سەردانی کیێڤ دەکات و ئەو دوو رۆژنامەوانەی رووماڵی سەردانەکە دەکەن، ئەوان دەبن.
رۆژنامەوانەکان سوێندیان خواردووە "نهێنییەکان بپارێزن" پەیامنێری رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە واشنتۆن، سابرینا سدیق سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە لەبارەی سەردانەکەوە سوێندیان پێ خوراوە، نهێنییەکان بپارێزن و کاتژمێر ١٥:٠٠ لە رێککەوتی ١٨ی شوبات نامەیەکی ئەلیکترۆنی پێگەیشتووە کە باسی لەوە کردووە، کاتی بەڕێککەوتنی فڕۆکەکە بەرەبەیانی رێککەوتی ١٩ی شوبات کە دەکاتە رۆژی یەکشەممە دەبێت لە بنکەی سەربازیی هێزە ئاسمانییەکانی ئێندرێس لە واشنتۆن دی سی.
سابرینا سدیقی سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە کاتژمێر ٠٢:٠٥ی بەرەبەیانی ١٩ی شوبات لە بنکەی سەربازیی ئێندرێس بووە، مۆبایلەکەی لێ وەرگیراوە و دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر و تاکوو گەیشتوونەتە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کیێڤ مۆبایلەکەی پێ نەدراوەتەوە. سدیقی ئاماژەی بەوە داوە کە بە چاوی خۆی نەیبینیووە بایدن سەر فڕۆکەکە بکەوێت، بەڵام دەوروبەری کاتژمێر ٠٤:٠٠ دوای ئاگادارکردنەوەیەک، بایدن خۆی ئاگاداری کردوونەتەوە کە سەر فڕۆکەکە کەوتووە. دواتر فڕۆکەکە کاتژمێر ٠٤:١٥ لە بنکە سەربازییەکەوە بەڕێ کەوتووە، دوای تێپەرینی حەوت کاتژمێر فڕۆکەکە بە مەبەستی وەرگرتنی سووتەمەنی کاتژمێر ١٧:١٣ لە بنکەی سەربازیی ئاسمانیی ئەمریکا لە رامشتاین-ی ئەڵمانیا نیشتووەتەوە. فڕۆکەکە یەک کاتژمێر و ١٥ خولەک لەوێ ماونەتەوە و لەو ماوەیەیشدا سدیقی، بایدن-ی نەبینیووە.
ناوبراوئەوەشی ئاشکرا کرد کە فڕۆکەکە کاتژمێر ١٨:٢٩ بە کاتی ناوخۆی پۆڵەندا، دووبارە دەستی بە گەشتەکەی کردووە و کاتژمێر ١٩:٥٧ لە فڕۆکەخانەی زێسوڤ یاشۆنکا کە دەکەوێتە دووری ٩٠ کیلۆمەتر لە سنووری ئۆکراینا لەگەڵ پۆڵەندا، نیشتووەتەوە. دواتر کاتژمێر ٢٠:١٢ بۆ ماوەی یەک کاتژمێر بە ئۆتۆمبێل رۆیشتوون و نزیک کاتژمێر ٢١:١٥، کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی بایدن گەیشتوونەتە وێستگەی شەمەندەفەری پسێمیشل گۆڤنێ. پەیامنێرەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئاماژەی بەوەشداوە کە بایدن سواری یەكێک "لەو شەمەندەفەرانە بووە کە پەنابەران لە ئۆکرایناوە دەگوێزنەوە بۆ پۆڵەندا" و لەناو شەمەندەفەرەکە رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵ گیراوەتەبەر. دواجار کاتژمێر ٢١:٣٧ بە کاتی پۆڵەندا شەمەندەفەرەکە کەوتووەتەڕێ، نزیکەی کاتژمێر ٢٢:٠٠ لە سنوور پەڕیونەتەوە و هاتوونەتە ناو خاکی ئۆکرایناوە.
پەیامنێری رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە واشنتۆن، سابرینا سدیقی باسی لەوەش کردووە کە لەبەرئەوەی گەشتەکە لە شەودا ئەنجامدراوە، تەنها چەند شتێکی زۆر کەمیان بینیوە و لەگەڵ ئەو تیمەی کۆشکی سپی کە یاوەری جۆ بایدن-یان کردووە، پەیوەندییان نەماوە، بەدرێژایی رێگا چەند جارێک بۆ زیادکردنی رێوشوێنە ئەمنییەکان وەستاون. ئەو رۆژنامەنووسە، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە رۆژی یەکشەممە، ٢٠ی مانگ، کاتژمێر ٠٨:٠٠ی بەیانی بە کاتی ئۆکراینا، گەیشتوونەتە وێستگەی پاساژیرسکی لە شاری کیێڤ. لەوێ بایدن و شاندی یاوەری لەلایەن باڵیۆزی ئەمریکا لە کیێڤ، بریدجێت ئای برینک پێشوازییان لێکراوە. سابرینا سدیقی، باسی لەوەش کردووە کە کاتژمێر ٠٨:١٨ کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی جۆ بایدن، وەک میوانی فەرمی سەرۆکی ئۆکراینا بەرەو کۆشکی مارینسکیی کەوتونەتەڕێ و لەوێ بایدن لەگەڵ زێلێنسکی کۆبووەتەوە.
دواتر سەرۆکی ئەمریکا سەردانی کڵێسای سانت میخائیل کرد و باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە کیێڤ کردووە. لە کۆتاییشدا بایدن و شاندی یاوەری کاتژمێر ١٣:١٠ بە هەمان ئەو شەمەندەفەرەی هاتبوون بۆ کیێڤ، گەڕاونەتەوە بۆ پۆڵەندا. جێی ئاماژەیە نزیکەی مانگێکە بایدن و بەرپرسانی کۆشکی سپی کاتێک رۆژنامەنووسان دەربارەی ئەگەری ئەنجامدانی سەردان بۆ کیێڤ پرسیاریان لێدەکەن، دەڵێن: "پلانێکی لەو شێوەیە نییە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە