لە هەولێر 47 هەزار نەمام دەچێندرێن

لە هەولێر 47 هەزار نەمام دەچێندرێن


پەیامی کورد... لە هەولێر 47 هەزار نەمام دەچێندرێن

بە سەرپەرشتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی نەمام چاندن لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و 47 هەزار نەمام دەچێنرێن.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ڕۆژی پێنجشەممە 23/11/2023، لە رێوڕەسمێکدا بە سەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی مەهدی ئەکار، وەزیری پێشووی کشتوکاڵی تورکیا و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، عەبدورەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم و مەولود یاقوت، کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێم و بەیان سامی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێم بۆ پرسی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا، لە مەڕاسیمێکدا 47 هەزار نەمام دەچێندرێن.

بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی کشتوکاڵ پڕۆژەکە بەناوی (NEFES)ـە و بە چاندنی 47 هەزار نەمام لە فەرمانگەی دارستانی کەسنەزانەوە دەستپێدەکات.

وەزارەتی کشتوکاڵ راشیگەیاند، ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی گرنگیدان بە سەوزکردن و ژینگە و رووبەروبونەوەی گۆڕانی کەشو هەوا لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، کە لە سەر داواکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، سەرجەم نەمامەکانی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا و کونسوڵی گشتی کۆماری تورکیا، بۆ هەماهەنگی و پاڵپشتی سێکتەری کشتوکاڵی و ژینگەی هەرێمی کوردستان دابینکراوە.

پاراستنی ژینگە و زیادکردنی سەوزایی بەشێکی گرنگە لە پلانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو چوارچێوەیەدا ساڵانە هەڵمەتی نەمام چاندن لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی داتاکانی دەستەی پاراستن و چاکردنی ژینگە، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە تا مانگی تەممووزی ئەمساڵ رێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان بۆ سەدا 18 زیادیکردووە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە