ژنێکی کورد بە پاساوی نامووس و شەرەف کوژرا

ژنێکی کورد بە پاساوی نامووس و شەرەف کوژرا

پەیامی کورد... ژنێکی کورد بە پاساوی نامووس و شەرەف کوژرا

ژنێکی گەنجی خەڵکی شارۆچکەی کۆتۆل سەر بە شاری خۆی لە پارێزگای ئورمیە بە ناوی ئایسەل دوومانی تەمەن ٢٨ ساڵ بە پاساوی نامووس و شەرەف لەلایەن براکەی و دوو ئامۆزای خۆیەوە کوژرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئایسەل دوومانی کە خەڵکی گوندی گڕناویک و دایکی دوو منداڵە، ڕۆژی شەممە ٢٧ی ئابی ٢٠٢٢ لەلایەن براکەی و دوو ئامۆزای خۆیەوە دراوەتە بەر لێدان و ئەشکەنجە و هەر بۆیەش گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە وتی: "ئایسەل دوومانی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن هاوژینەکەیەوە دراوەتە بەر ئازار و ئەشکەنجە و لیدان و کوتان و هەر کات ئایسەل گەڕاوەتەوە بۆ ماڵی باوک و دایکی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بێ ڕێزی پێکراوە و ناچار کراوە کە بگەڕێتەوە لای هاوژینەکەی".

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند "ئایسەل دوومانی دوایین جار کە لەلایەن هاوژینەکەیەوە لێی داوە و گەڕاوەتەوە ماڵی باوک و دایکی و لەلایەن خزم و کەس و کاری خۆیەوە بێ ڕێزی پێکراوە و تەنانەت لێی دراوە و لە ماڵ هەڵاتووە و دواجار ڕۆژی ڕابردوو بە بیانووی پەیوەندی لەگەڵ کەسێکی دیکە کوشتوویانە".

جێگای ئاماژەیە کە ئایسەل دوومانی دایکی کوڕێکی ٦ مانگە و کچێکی ٢ ساڵانە و تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی ئورمیە کراوە.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە