پەیامی کورد... بایدن و پووتین کۆبوونەوەی لووتکە ئەنجام دەدەن
ئاژانسی ڕۆیتەر سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٢ لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند، هەریەکە لە ڤلادیمیر پووتینی سەرۆکی ڕووسیا و جۆ بایدنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕازی بوون کە کۆبوونەوەی لووتکە ئەنجام بدەن.
ئاژانسەکە ئەوەشی ڕاگەیاند، نووسینگەی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاندووە، ئیمانوێل ماکرۆن پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هەریەکە لە جۆ بایدن و ڤلادیمیر پووتین ئەنجامداوە و پێشنیازی کۆبوونەوەکەی کردووە، ئەوانیش ڕازی بوون، بەڵام بە مەرج.
هەرچەندە تا ئێستا کریملین هیچ شتێکی لەو بارەییەوە بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام کۆشکی سپیی لە بڵاوکراوەیەکدا پشتڕاستی کردەوە و ڕاشیگەیاند، "هەمیشە ئامادەین بۆ گفتوگۆی دیپلۆماسی؛ وەک چۆن ئامادەین بۆ سەپاندنی سزای قورسیش، ئەگەر ڕووسیا جەنگ هەڵببژێرێت".
میدیا جیهانییەکان باس لە ڕۆڵی کارای ئیمانوێل ماکرۆن دەکەن سەبارەت بەوەی تەنیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هەریەک لە: جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، ڤلادیمیر پووتینی سەرۆکی ڕووسیا، بۆریس جۆنسنی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراینا کردووە.
ناوەڕۆکی جێبەجێکاریی پلانی کۆبوونەوەی لووتکە لە نێوان جۆ بایدن و ڤلادیمیر پووتیندا، تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە؛ بەڵام میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن لە کۆبوونەوەی نێوان سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە لە ٢٤ی شوبات بەڕێوە دەچێت، شوێن و کات و چۆنیەتیی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە دیاریی دەکرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە