پارێزگای هەولێر لەبارەی نەخۆشی "تای خوێنبەربوون" ڕاگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە

پارێزگای هەولێر لەبارەی نەخۆشی "تای خوێنبەربوون" ڕاگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە

پەیامی کورد... پارێزگای هەولێر لەبارەی نەخۆشی "تای خوێنبەربوون"ڕاگەیەندراوێکبڵاو دەکاتەوە

نووسینگەی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لەپێناو کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی تای خوێنبەربوون و ڕێگەگرتن لە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بڕیاردەردا بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت ئاژەڵ لە دەرەوەی کوشتارگەکان بەبێ پشکنینی ڤێتێرنەری سەر ببڕێت.

نووسینگەی پارێزگای هەولێر لەبارەی نەخۆشی تای خوێنبەربوونەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، دوابەدوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگادا، لەبارەی "تای خوێن بەربوون" (الحمی النزفیە) کە نەخۆشییەکی ڤایرۆسی زۆر مەترسیدارە، هەرچەندە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان ئەم حاڵەتە بەدی نەکراوە، بەڵام لەو ماوەیەدا لە چەند شارێکی عێراق چەند حاڵەتێک تۆمار کراوە.

 

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت ئاژەڵ لە دەرەوەی کوشتارگەکان بەبێ پشکنینی ڤێتێرنەری سەر ببڕێت.

دەقی ڕاگەیەندراو:

دوابەدوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2022.4. 27، لە دیوانی پارێزگا، کە بە سەرپەرشتی بەڕێز پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز ئەنجام درا، لەبارەی (تای خوێن بەربوون) (الحمی النزفیە) کە نەخۆشییەکی ڤایرۆسی زۆر مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و لەڕێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و هەندێک جار لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ، هەرچەندە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان ئەم حاڵەتە بەدی نەکراوە، بەڵام لەو ماوەیەدا لە چەند شارێکی عێراق چەند حاڵەتێک تۆمار کراون و بە هۆییەوە چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە.

لەپێناو کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە و پاراستنی سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان و ڕێگەگرتن لە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی "تای خوێنبەربوون"، کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانەی خوارەوە:

یەکەم/ بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت ئاژەڵ لە دەرەوەی کوشتارگەکان بەبێ پشکنینی ڤێتێرنەری سەر ببڕێت لەبەردەم دوکان و شەقامەماکان، ئەرکی قائیمقام، بەڕێوەبەری ناحییە، شارەوانی، لیژنەکانی تەندروستی و بازاڕە ڕێگری لەو کارە بکەن، هەرکەس و لایەنێک سەرپێچی بکات ڕێکاری توندی یاسایی لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر.

دووەم/ بەهاوکاری یەکە کارگێڕیەکان دەستبکرێت بە هەڵمەتی شوشتن و ڕشاندنی ئاژەڵی خۆماڵی.

سێیەم/ لەلایەن هۆبەکانی ڤێتێرنەری و موختاری گوندەکان، هەموو ئەو هاووڵاتیانەی خاوەنی ئاژەڵ و کاری ئاژەڵداری دەکەن، ئاگاداربکرێنەوە لە ڕشاندنی ئاژەڵەکانیان بە دەرمانی دژە (قرنە).

چوارەم/ ڕشاندنی گۆڕەپان (مەیدان) ی ئاژەڵان بەگشتی.

پێنجەم/ خاوەنی کێڵگەکان و بازرگانانی ئاژەڵان، دەبێت لەسەر ئەرکی خۆیان پابەندبن بە ڕشاندنی ئاژەڵەکانیان بە سەرپەرشتی ڤێتێرنەری.

شەشەم/ دەبێت باخچەکانی ئاژەڵانی سنووری پارێزگای هەولێر، لەژێر سەرپەرشتی ڤێتێرنەری هەموو ئاژەڵەکانیان بشۆن و بڕشێنن.

حەوتەم/ هاتنی ئاژەڵ و گۆشت لە دەرەوەی شاری هەولێر بەبێ پشکنینی ڤێتێرنەری و پزیشکی، بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە