بەرپرسانی ئەمریكا لە ڕەوشی كۆڕۆنا لە وڵاتەكەیان نیگەرانن

بەرپرسانی ئەمریكا لە ڕەوشی كۆڕۆنا لە وڵاتەكەیان نیگەرانن

پەیامی کورد … بەرپرسانی ئەمریكا لە ڕەوشی كۆڕۆنا لە وڵاتەكەیان نیگەرانن

 

بەرپرسانی باڵای تەندروستی ئەمریكا هۆشیاری نوێیاندا سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی خێرای جۆری دێڵتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری وڵاتەكەدا.

 

(ئەنتۆنی فاوچی) ڕاوێژكاری تەندروستی سەرۆكی ئەمریكا (جۆو بایدن) لە پڕۆگرامێكی كەناڵی (ئێن بی سی) دا وتی: شتێكی خراپ ڕوودەدات، دەبێت ئەوە بزانین.

 

فاوچی وتی : پێشبینی ئەوە ناكات خەڵكەكە بە فەرمان ناچار بكرێن ڤاكسین وەربگرن، بەڵام وتی: هەر كە بەڕێوبەرایەتی خۆراك و دەرمانی ئەمریكا بەتەواوەتی بەكارهێنانی ڤاكسینەكانی پەسەند كرد، ئەوا پشتیوانی لە زانكۆ و كارەكان و دامەرزاوە ناوخۆییەكان دەكات تاوەكو فەرمانی وەرگرتنی ڤاكسین دەربكەن.

 

فاوچی وتیشی: من پێم وایە هەر كە ڤاكسینەكان بە تەواوەتی پەسەند كران، ئەوا هەندێك خەڵك بە خواستی خۆیان ڤاكسین وەردەگرن، بەڵام بۆ ئەوانەی كە نایانەوێت ڤاكسین وەربگرن، پێم وایە لەسەر ئاستی ناوخۆیی پێویستە فەرمانی وەرگرتنی ڤاكسین دەربكرێت.

 

بەگوێرەی حكومەتی ئەمریكا، زیاتر لە (166) ملیۆن هاوڵاتی ئەمریكی هەردوو ژەمە ڤاكسینەكەیان دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا وەرگرتووە، ئەوەش تۆزێك كەمترە لە نیوەی دانیشتوانی وڵاتەكە، هەروەها پێدانی ڤاكسین بە منداڵانی خوار تەمەن (12) ساڵ هێشتا ڕانەگەیەندراوە.

 

سەرەڕای ئەوەی ژمارەی حاڵەتەكانی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە فلۆریداو تێكساس زیادیكردووە، فەرمانڕەوا كۆمارییەكانیان، (ڕۆن دی سانتیس) و (گرێگ ئابوت)، هێشتا لەسەر هەڵوێستی خۆیان دژی ڤاكسین یاخود دەمامك بەكارهێنان سوورن، دەڵێن: ناچاركردنی خەڵك بۆ وەرگرتنی ڤاكسین یاخود دەمامك بەكارهێنان پێشێلكردنی مافی ئازادی خەڵكەكەیە.

 

سیناتۆر (ڕیك سانتۆس) ی فلۆریدا پشتیوانی لە بڕیارەكەی (دی سانتیس) كردو بە فۆكس نیوزی وت: ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ ترس، با واز لە خەڵكەكە بهێنین خۆیان بڕیار بدەن.

 

بەڵام فەرمانڕەوای ویلایەتی ئاركەنساس (ئاسا هەچینسن) كە سەر بە كۆمارییەكانە بە تۆڕی هەواڵی سی بی ئێسی وتوە، لە سەرەتای ئەمساڵدا هەڵەم كرد یاسای قەدەغەكردنی بەكارهێنانی دەمامكم واژۆ كرد، ئەمە لەكاتێكدایە لە ویلایەتەكەی حاڵەتەكانی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە زیادبووندایە.

 

سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی ئەمریكا (ڕاندی واینگارتن) بە كەناڵی ئێن بی سی وت لە ئێستادا خوێندنگاكان بۆ وەرزی نوێ لە سەرانسەری وڵاتەكەدا دەكرێنەوە، وەكو بابەتێكی تایبەتی ویژدانی، پێویستە كاربكەین بۆ ئەوەی ڤاكسین بە ناچاری وەربگیردرێت.

 

وتیشی، بارودۆخەكە گۆڕاوە، زۆر قورسە بۆ من كە منداڵانی خوار (12) ساڵ ناتوانن ڤاكسین وەربگرن، هەستم كرد وەكو بابەتێكی ویژدانی دەبێت قسە بكەم.

 

بەڕێوبەری سەنتەری تەندروستی نیشتیمانی ئەمریكا (فرانسیس كۆڵنس) وتی، تكایە لەمە تێبگەن، ڤاكسینەكان بەڵگەی سەرسوڕهێنەرن لەسەر پارێزراوی و كاریگەرییان.

 

كۆڵنس بەو كەسانەشی وت كە دوودڵن لە وەرگرتنی ڤاكسینەكە، ئەگەر لە لێوارەكەدایت، وەرە دەرەوەی لێوارەكەو ببە بە بەشێك لە تیمە سەركەوتووەكە.

 

لە ئێستادا ڕۆژانە زیاتر لە (100,000) حاڵەتی توشبوون بە جۆری دێڵتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەمریكادا تۆمار دەكرێت، ئەمەش (10,000) زیاترە لە حاڵەتەكانی توشبوون لە چەند هەفتەیەكی كەمی ڕابردوودا.

 

فاوچی دەڵێت: ئەمە پەتای ئەو كەسانەیە كە ڤاكسینیان وەرنەگرتووە.

 

تاقیكردنەوەكان دەریانخستووە ئەو ڤاكسینانەی ئێستا لە ئەمریكادا بەكاردەهێندرێن كاریگەرییان هەیە دژی جۆری دێڵتا، بەڵام فاوچی وتی: ئەگەر كۆنتڕۆڵ نەكرێت، ئەوا پێدەچێت جۆری دێڵتا دووبارە خۆی بگۆڕێت بۆ جۆرێكی دیكەو ببێتە هۆی ئەوەی ڤاكسینەكان چیتر سوودیان نەبێت دژی ئەو جۆرەی كە سەرهەڵدەدات.

 

وتی: ئەو (93) ملیۆن هاوڵاتیەی ئەمریكا كە هێشتا ڤاكسینیان وەرنەگرتووە دەبێت بیر لە تەندروستی خۆیان و خێزان و كۆمەڵگەكەشیان بكەنەوە، وتیشی: پشتیوانی ئەوە دەكات كە دەبێت كارمەندانی تەندروستی ئەمریكا ڤاكسین وەربگرن، لە كاتێكدا ملیۆنان كارمەند ڕەتی دەكەنەوە ڤاكسینەكان وەربگرن.

 

وتی : ئێستا كاتیەتی، دەبێت ڤاكسین بدەین بە خەڵك، تەنانەت ئەگەر پێشتریش توشی كۆرۆنا بووبیت، هەر دەبێت ڤاكسین وەربگریت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە