پەیامی کورد ... خەڵاتێکی ١٥ ملیۆن دۆلاری لە لایەن ئەمریکاوە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر فەرماندەیەکی پلە باڵای سوپای قودس
نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران ڕایگەیاندووە ئەو وەزارەتخانەیە لە پێناو وەرگرتنی زانیاری، سەبارەت بە چالاکییە ئابوورییەکان و هاوکاران و تۆڕی فەرماندەیەکی سوپای قودسی شاخەی دەرەوەی سنوورەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە یەمەن، ١٥ ملیۆن دۆلار خەڵاتی داناوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، خەڵاتێکی ١٥ ملیۆن دۆلاری لە پێناو وەرگرتنی زانیاری لەسەر عەبدولڕەزا_شەهلایی یەکێک لە فەرماندە پلە باڵاکانی سوپای قودس داناوە.
"برایان هووک"، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی سەرماوەز، بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاندووە : "عەبدولڕەزا شەهلایی" لە فەرماندە باڵاکانی سوپای قودسی پاسداران لە یەمەنە کە پێشینەیەکی دوورودرێژی لە هێرش بۆ سەر ئەمریکاییەکان و هاوپەیمانانیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە.
"هووک" وتوویەتی، ئەو خەڵاتە بەشێک لە هەوڵەکانی ئەمریکایە بۆ وەرگرتنی زانیاریگەلێک کە چالاکییەکانی سوپای پاسداران دەردەخات.
نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕایگەیاندووە، "شەهلایی" بەرنامە داڕێژەری چەندین پیلانی دژ بە هێزەکانی هاوپەیمانی لە عێراق لە ئەستۆ بووە.
هەروەها چەکوچۆڵ و مەوادی تەقینەوەی بە گرووپە تووندئاژۆوە شیعەکان داوە و کۆمەڵێک کردەوەی تێرۆریستی دیکەی لە ئەستۆ بووە و بەڕێوەی بردووە.
"برایان هووک" سەبارەت بە بەردەوامی ئامادەبوونی "عەبدولڕەزا شەهلایی" لە یەمەن، ئەوپەڕی نیگەرانی خۆی دەربڕیوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە