پەیامی کورد... ڕێوڕەسمی "پیرشالیار" لە هەورامانی تەخت بەڕێوە چوو
ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی ئایینیی "پیرشالیار" لە "هەورامانی تەخت"ی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو. ئەو ڕێوڕەسمە کە بە زەماوەندی "پیرشالیار" ناسراوە هەموو ساڵێک لەسەر مەزارگەی پیرشالیار لە "هەورامان" بەڕێوە دەچێت.
ڕێوڕەسمەکە هەموو ساڵێک لە نیوەی زستان و ڕۆژی چوارشەممەوە دەست پێ دەکات و سێ ڕۆژ درێژە دەکێشێت و لە بەیانیی ڕۆژی یەکەمەوە ئەو ئاژەڵدارانەی کە دەیانەوێت ئاژەڵەکانیان بکەنە قوربانی دەیدەن بە قەساب و بەشێک لە گۆشتەکەی وەکوو "متفەرک" لەنێو خەڵکدا دەبەخشنەوە و بەشێکیشی لەنێو مەزارگەی "پیرشالیار"دا دەکەن بە چێشت.
لەو ڕێوڕەسمەدا مێردمنداڵ و لاو و پیر دەست لەنێو دەستی یەکتر جەزم دەبن و بە کۆبوونەوەی جەستە و دەروون، یەکیەتی و یەکڕەنگییان دەخەنە ڕوو و نمایشی دەکەن و دەروێشەکان دەف لێ دەدەن.
هەروەها لەو سێ ڕۆژەدا خەڵکی "هەورامانی تەخت" تەواوی کارەکانی خۆیان بەجێ دەهێڵن و تەنیا کاتی خۆیان بۆ ئەو ڕێوڕەسمە مێژووییە تەرخان دەکەن.
چێشتی "هڵۆشینە تشێ"ی ئەو ڕێوڕەسمە هەمان چێشتە کە ٩٥٠ ساڵ پێش لە ڕێوڕەسمی "پیرشالیار"دا لێ نراوە
ڕۆژی سێهەم کە دەبێتە کۆتا ڕۆژ، خەڵک تاکوو شەو جەزم دەکەن و چەند کاتژمێریش لە هەمان شەو لە مەزارگەی "پیرشالیار"دا دادەنیشن کە بە ئەو شەوە "شەو نشینی" دەگوترێت.
هەروەتر لەو شەوەدا چەند کەس لەسەر "پیرشالیار" و بابەتی ئایینی قسە دەکەن و دوایی بە سروود یان پارچە شیعرێک و هەروەها بە نزا کۆتایی بە ڕێوە ڕەسمەکە دەهێنن.
لەو ڕێوڕەسمەدا ئەو گوێزانەی کە لە باخی "پیرشالیار"دا چنراون بۆ خەڵکی ئەو گوندەیان دەنێرن.
ڕێوڕەسمی "پیرشالیار" لەو ئایینانەیە کە لە لایەک ڕەسەنایەتی و دەوڵەمەندبوونی ئەو ناوچەیە نیشان دەدات و لە لایەکی دیکەوە دەرفەتێکی تایبەتە بۆ گەشەی پیشەی گەشتیاریی ناوچەکە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە