پەیامی کوردستان... ڕووسیا بەنیازە چالاکی دەزگا هەواڵییە بیانییەکان ڕابگرێت
پەرلەمانی دووەمی ڕووسیا پرۆژە یاسایەکی بۆ داخستنی دەزگا هەواڵییە بیانییەکان پەسەند کرد، یاساکەش دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتانەی ڕۆژئاوا دەگرێتەوە کە " دۆستی " ڕاگەیاندنەکانی ڕووسیا نەبوون، ئەمەش دوابەدوای داخستنی هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە دەوڵەتی ڕووسیا لە ڕۆژئاوادا.
پرۆژە یاساکە بڵاوکردنەوەی نووسراو یاخود بابەتی ئەو دەزگایانە قەدەغە دەکات کە پێشتر لەلایەن ڕووسیاوە داخراون. بۆ ئەوەی پرۆژەکە ببێتە یاساش، دەبێت پەرلەمانی یەکەمی ڕووسیا و دواتریش سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پووتین دەبێت پەسەندی بکەن.
بەپێی پرۆژە یاساکە، ڕۆژنامەنووسانی ئەو دەزگایانەی کە دادەخرێن مۆڵەتی کارکردنیان لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاوە لێدەسەندرێتەوە، ئەوەش مانای ئەوەیە چیتر ناتوانن لە ڕووسیا کار بکەن.
پرۆژە یاساکە ئەو کێشانە زیاتر دەکات کە ڕووبەڕووی ڕاگەیاندنە بیانییەکانی ناو ڕووسیا بوونەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕووسیا لە مانگی سێدا یاسایەکی دەرکرد کە تێیدا هەر دەزگایەک هەواڵی " ساختە " سەبارەت بە سوپای ڕووسیا بڵاو بکاتەوە ئەوا سزا دەدرێت.
پەرلەمانتارانی ڕووسیا لە کاتی شیکردنەوەی پرۆژە یاساکەدا وتیان " لەم بارودۆخە جیۆ سیاسییەی کە ئێستا هەیە، ڕاگەیاندنەکان بوونەتە ئامرازێک بۆ کارکردنە سەر بارودۆخی زانیاریی کۆمەڵگە."
لە مانگی سێدا سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پووتین یاسایەکی پەسەند کرد کە تێیدا سزای ١٥ ساڵ زیندانی بەسەر هەر کەسێکدا دەسەپێنێت کە بە مەبەست هەواڵی " ساختە " سەبارەت بە سوپای ڕووسیا بڵاو بکاتەوە، ئەمەش وایکرد وڵاتانی ڕۆژئاوا هەندێک لە ڕۆژنامەنووسەکانیان لە ڕووسیا بکشێننەوە، دەزگاکانی دیکەی وەک و ڕۆیتەرز لە وڵاتەکەدا ماونەتەوە و بەردەوام بوون لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە