پەیامی کورد ... کارەبای نیشتمانی بە ڕێژەی ١٨٠ مێگاوات زیاد دەبێت
ووتەبێژی وەزارەتی كارەبا رایگەیاند ١٨٠ مێگاوات كارەبای نیشتیمانی لە ھەردوو وێستگەی گازی و وێستگەی كارۆئاوی دووكان و دەربەندیخان زیاد كرا.
ئومێد محەمەد، ووتەبێژی وەزارەتی كارەبا رایگەیاند: "بەرهەمهێنانی ١٠٠ مێگاوات كارەبا لە وێستگەی گازی هەولێر زیاد كرا و خرایە ناو تۆڕی كارەبای نیشتمانییەوە، ئەمەش دوای ئەوە هات كە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی بۆ پاڵپشتیكردنی ھەنگاوەكانی وەزارەتی كارەبا بڕی ٢٥ ملیۆن دۆلاریان بۆ كۆمپانیایەك خەرج كرد، چوونكە بە هۆی چاكسازی لە یەكەكانی وێستگە غازییەكان بڕی ٧٠٠ مێگاوات كارەبا كەمی كردبوو."
محەمەد ئاماژەی بەوەش دا: "بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و بەپێی بەرنامەی بەردانەوەی ئاو لە وەرزی هاویندا، بڕی ٨٠ مێگاوات كارەبا لە هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان زیاد كرا، بەمەش كۆی گشتی ١٨٠ مێگاوات كارەبا خرایە ناو تۆڕی كارەبای نیشتیمانییەوە".
دەشڵێ: "وەزارەت بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا پشت بە سەرچاوەكانی وێستگەی خەبات و چەمچەماڵ و كەورگۆسك و بەنداوی دووكان و دەربەندیخان دەبەستێت."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە