هۆکارەکانی جووڵەپیکردنی هێزی پێشمەرگە ئاشکرا دەکرێت

هۆکارەکانی جووڵەپیکردنی هێزی پێشمەرگە ئاشکرا دەکرێت

پەیامی کورد    ...    هۆکارەکانی جووڵەپیکردنی هێزی پێشمەرگە ئاشکرا دەکرێت

چەند ڕۆژێکە چەکدارانی داعش لە زۆر ناوچە دەستیان بە جووڵەی زیادتر کردووە و سوپاسالاری پێشمەرگەش دەڵێت، زانیارییان ھەیە داعش تاکتیکی گۆڕیوە و لەبارەی جووڵەپێکردنی پێشمەرگەش بەرەو مەخموور، ئاشکرای کرد، چوونی پێشمەرگە بۆ مەخموور لەبەر مەترسییەکانی داعشە.

فەریق جەمال ئێمینکی، سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایگەیاند: "لە ناوچەکانی خانەقین و قەرەتەپە و جەبارە تا ڕۆژئاوای کەرکووک و دەگاتە مەخموور ڕۆژ بە ڕۆژ جووڵەی چەکدارانی داعش زیادتر دەبێت، ھۆکارەکەیشی بۆ ھەبوونی بۆشاییی ئەمنی دەگەڕێتەوە، چ لەنێوان ھێزە عێراقییەکان خۆیان بێت، یان لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان، تیرۆریستانی داعش ڕەوشەکەیان قۆزتووەتەوە بۆ دەستپێکردنی جووڵەی زیادتر، لە ھەندێ ناوچەش بە ئازادی ھاتوچۆ دەکەن، ھەتا ڕۆژ بە ڕۆژ تیرۆریستانی داعش تاکتیکی خۆیان دەگۆڕن."

سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "ئێمە و عێراقیش نەگەیشتووینەتە ڕێککەوتن، تا ئەو بۆشاییە ئەمنییەی پەیدا بووە پڕ بکرێتەوە و ڕێگری لە جووڵەی داعش بکەین، ئەویش لە ڕێگەی جێگیرکردنی ھێزی ھاوبەش."

فەریق جەمال ئێمینکی ڕوونی کردەوە: "بەردەوام ڕێنمایی و زانیاری دەدرێتە ھێزەکانی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی پێشەوە، ڕۆژانە زانیاری ھەواڵگەری دەدرێتە یەکەکانی پێشمەرگە، سرووشتی ھەندێ ناوچە ھاوکارە بۆ ئەوەی چەکدارانی داعش تێیدا کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن، لەوانەش دەوروبەری خانەقین و چیای قەرەچۆغ، پێشمەرگە لە ئامادەباشیدایە و ڕێگە بە ھیچ کردەوەیەکی تیرۆریستی نادەن."

پەیوەست بە جووڵەپێکردنی پێشمەرگە بەرەو مەخموور، فەریق جەمال ئێمینکی ووتی: "دەڤەری مەخموور و گوێڕ و چیای قەرەچۆغ یەکێکە لەو دەڤەرانەی داعش تێیدا جووڵە دەکات، لەبەر ئەوەش تەنیا لەو میحوەرە ھێزی پێشمەرگە خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشی و چوونی ھێزی پێشمەرگەش بۆ سنووری مەخموور بەھۆی مەترسی چەکدارانی داعشە، لەبەر ئەوەی داعش جووڵەی ھەیە لەو سنوورە و پێویستە پێشمەرگەش لە ئامادەباشیدا بێت."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە