پەیامی کورد … تاڵیبان گەیشتووەتە ٥٠ کیلۆمەتری کابۆل
چەكدارانی تاڵیبان دەستیانگرت بەسەر شاری پولی عەلەمی ناوەندی پارێزگای لوگەر، بەمەش نزیكەی (50) كیلۆمەتر لە كابۆلی پایتەختەوە دوورن.
هاوكات ئەمریكاو بەریتانیا لە هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ گواستنەوەی هاوڵاتی و دیپـلۆماتانی خۆیان بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە.
بەپـێی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، (3) هەزار سەربازی ئەمریكی ڕەوانەی فڕۆكەخانەی كابۆل دەكرێن هەتا بچنە پاڵ ئەو (650) سەربازە ئەمریكـیەی لە ئەفغانستاندا ماونەتەوە، ئامانج لە ناردنی ئەم سەربازانە یارمەتیدانە لە پـرۆسەی گواستنەوەی ئەمریكـیەكان و ئەو ئەفغانیـیانەی لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا كاریان كردووە.
بەریتانیاش بڕیاری داوە (600) سەربازی خۆی بۆ هەمان مەبەست ڕەوانەی ئەفغاستان بكات.
نەرویج و دانیمارك و فینلەندا، ئەوانیش بڕیاریان داوە بە شێوەیەكی كاتی باڵیۆزخانەكانیان لە كابۆل دابخەن و هەموو فەرمانبەرەكانیان بگوێزنەوە بۆ دەرەوەی ئەفغانستان.
لەلایەكی دیكە ڕێكخراوی مرۆیی پەنجیای ئیتاڵی لەسەر فەیسبوكەكەی نووسیویەتی، هەرچەندە مەترسیـیان لە دۆخەكە هەیەو نازانن چی ڕوودەدات، بەڵام ئەوان هەر لە ئەفغانستاندا دەمێننەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە