پەیامی کورد ... کۆماری کوردستان ٢٢ ی جانیوەری ساڵی ١٩٤٦ لە لایەن یەکەم سەرۆککۆماری کوردستان قازی موحەمەد ەوە لە مەیدانی چوارچرا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە فەرمی ڕاگەێندرا .
لە ساڵانی ٢٠ تە کاندا ، دوای حکوومەتی باشووری کوردستان کە شێخ مەحموود بەرزنجی لە سلێمانی ڕایگەیاندبوو ، کۆماری کوردستان لە مەهاباد دووهەم ئەزموونی بە دەوڵەت بوونی کوردان بوو .
کۆماری کوردستان وەک یەکەم کیانی سیاسی کورد لە فۆڕمی کۆماریدا جێگایەکی تایبەتی لە مێژووی نەتەوەکەماندا هەیە، ڕووداوێک و مێژوویەک کە لە کاتی خۆیدا بووە ڕەمزی یەکیتی و یەکبوونی نەتەوەی کورد و ئێستاش دوای 73 ساڵ تێپەڕ بوونی کات، نەک نەبووەتە بیروەری؛ بگرە هەروا نوێنگەی یەکیتی نەتەوەکەمانە.
ئەو بنچینە سەرەکییەی کۆماری کوردستانی لەسەر دامەزرا، کوردستانی بوون و شوناسخوازیی کورد بە باوەڕهەبوونی بە دێموکراسی بوو، گوتارێکی پێشکەوتخوازانە کە لەو سەردەمدا چەند قەڵەمبازێک لە پێشەوەی نیزامە سیاسییەکانی دەوروبەری خۆی بوو. بنچینە و باوەڕێک کە دوای حەوت دەیە ئێستاش هەم هەوێنی یەکبوونی کورد و هێزە سیاسییەکانی و، هەم ئازادی و دێموکراسی و دابینکردنی مافە ئینسانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان وەک گوتاری کۆمار، داوای هاوبەشی هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. کۆماری کوردستان بزووتنەوەیەکی سەردەمیانە لە کاتی خۆیدا و دەسکەوتێکی نەتەوەییە بۆ ئێستاش و، ئەزموونێکی بەنرخیشە بۆ پرسی کورد و؛ لە هەمانکاتدا میراتی مێژوویەکی هاوبەشە بۆ دەوڵەتداریی کوردی.
تەمەنی کورتخایەنی کەمتر لە ساڵێک، بەڵام کار و کارنامەیەکی درەوشاوە لە خزمەتکردنی خەڵک و سیاسەت و ڕوانگەی کۆمار بۆ دەسەڵات و داهاتووی وڵات هیندە پڕ و پڕبایەخە کە ئێستاش بە هیوای دووبارە بنیاتنانەوە و وەدیهێنانەوەی کیانێکی سیاسیی لەو چەشنە بین. ئەزموونی دەسەڵاتدارەتی و ئیداری لەو کۆمارە ساوایەدا، بۆ هەر دەسەڵاتێکی دێموکراتیک لە سەردەمی ئێستاشدا، دەتوانێ جێگای لێ فێربوون بێ. ڕێزگرتن لە جیاوازیی نەتەوەیی، زمانی و ئایینی و پێکەوەژیانیان لە سەر بناغەی ڕێزگرتن لە یەکتر، باوەڕ بە ئازادیی بیرورادەربڕین، گرینگیدان بە بووژاندنەوەی کولتور و هونەر و ئەدەبیاتی نەتەوەیی، خوێندنی بە خۆڕایی، هاندانی کچان بۆ خوێندن و بە ڕەسمی ناسین و جیبەجێکردنی خوێندن بە زمانی دایک نەک هەر بۆ مندالانی کورد بەڵکوو بۆ کەمایەتییە زمانییەکانی دیکە، بڕەوپێدانی گیانی وێکهەڵکردن لە نێوان دانیشتوانی شار و گوند و چین و توێژە جۆراوجۆرەکان و بە هێزکردنی کولتووری پاڵوێکدان لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی، پێشوازی و باوەشکردنەوە بۆ ڕۆڵە دڵسۆزەکانی نەتەوەی کورد لە بەشەکانی دیکە و بوار رەخساندن بۆ خزمەتکردنیان بەو کۆمارە، گرتنەبەری ڕێگای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ حکومەتی میللیی ئازەربایجان و ئازەرییەکان و پێشنیاری هاوکاری و هاوپەیمانەتی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ دوژمنی هاوبەش، لە ئەزموونە بە نرخەکانی ئەو دەسەڵاتە کوردییەن. ئەم کۆمارە بە هەڵکردنو رەسمیەتدان بە ئالای کوردستان و داهێنانی سروودی نەتەوەیی و چەمکی پێشمەرگە، کۆمەڵێک بۆشایی لە گیان و هزری نەتەوەیی و لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا پڕ کردەوە.
بەڵام ئەزموونەکانی کۆماری کوردستان لە شوێنی دیکەش هەم جێی تێڕامانن و هەم لێ فێربوون. هەوڵدان بۆ یەکبوون و تەبایی، ڕێزگرتن لە فرەیی و جۆراوجۆرییەکانی کۆمەڵگە و دەستنانە نێو دەستی یەکتر بۆ سەرخستنی پڕۆسەی نەتەوەیی وانەگەلێکن کە ئێستاش دەبێ ڕێنیشاندەر و لەبەرچاومان بن.
لێرەوە بۆ زانین و ئاگاداری ڕادەگەینین کە هەندێک کەسی تایبەت و ووڵات پارێز بۆ پاراستنی بەرژەونەدییەکانی کۆماری مەهاباد و بە تایبەتی کۆماری کوردستان خۆیان فیدا کرد .کۆماری کوردستان کە لە ٢٢ی جانیوەری ساڵی ١٩٤٦ بە هاوکاری یەکیتی سۆڤیات ، لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد لە لایەن قازی موحەمەد ەوە ڕاگەێندرا ، لە ١٧ی کانوونی ساڵی ١٩٤٦ تاکوو ١١ مانگ درێژەی خایاند و دواتر لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە بە پاڵپشتی بەریتانیا هەڵوەشێنرایەوە .
پێشەوا قازی موحەمەد ، وەزیری پاراستن سەیفی قازی و براکەی قادر قازی لە دوای ڕووخاندن و هەڵوەشاندەنەوەی کۆماری کوردستان ، لە مەیدانی چوارچرا هەمان ئەو شوێنەی کە کۆماری کوردستانی لێ ڕاگەێندرا لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە لە ٣١ی ئاداری ١٩٤٧ لە سێدارەدران
"
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە