پەیامی کورد... ئەمریکا بە بڕی ١.١ ملیار دۆلار کەرەستەی سەربازی دەداتە تایوان
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، وەزارەتی دەرەوە ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر فرۆشتنی کەرەستەی سەربازی بە تایوان بە بڕی ١.١ ملیار دۆلار، کە ٦٠ مووشەکی دژە کەشتی و ١٠٠ مووشەکی دژە فڕۆکەیە ئەوەش تووڕەیی چینی لێکەوتەوە.
لەمبارەیەوە تۆڕی هەواڵی BBC بڵاوی کردەوە: ئەم پاکێجەی فرۆشتنی چەک و پێداویستی سەربازی ئەمریکا بە تایوان دوای ئەو مانۆڕە سەربازییە بەرفراوانەکانی چین هات کە لە دەوروبەری تایوان ئەنجامیدا، کە وەک وەڵامێک بوو بۆ سەردانەکەی نانسی پێلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە سەردانی تایوان کرد و بوە گەورەترین بەرپرسی ئەمریکا کە لە ساڵانی ڕابردوودا سەردانی تایوانی کردبێت.
ئاژانسی هاریکاری ئاسایشی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاندوە، ڕێککەوتنەکە بریتییە لە دابینکردنی دەیان مووشەک لە جۆری سایدۆندەر، هارپون و پشتیوانی لە بەرنامەی ڕاداری چاودێری تایوان دەکات، بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەر هێرشێک کە بکرێتە سەر هەرێمەکە.
ئەو ڕێککەوتنە ڕەنگدانەوەی بەردەوامی پشتیوانی ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکایە بۆ تایوان لە کاتێکدا ڕووبەڕووی گوشارەکانی چین دەبێتەوە، کە ئەگەری بەکارهێنانی هێزی بۆ کۆنترۆڵکردنی دوورگەکە ڕەتنەکردوەتەوە.
هاوکات باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە گرێبەستەکە لەگەڵ تایوان هەڵبوەشێنێتەوە یان ڕووبەڕووی بەرەنگاربونەوە دەبێتەوە.
لای خۆیەوە لیو پێنگیۆ، وتەبێژی باڵیۆزخانەی چین ڕایگەیاند: ڕێککەوتنەکە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و پەکین بە توندی دەخاتە مەترسییەو و وتی، چین لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی دۆخەکەدا ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی ڕەوا و پێویست دەگرێتەبەر.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە