پەیامی کورد ... ئاشکرا بوونی ناوی ٩ کەس لە دەستبەسەر کراوانی شاری بانە
هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا ماڵی سەدان کەس لە هاووڵاتیانی کوردیان لە شاری بانە به بیانووی دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە لە تیرۆری موحسین فەرخی زاد، زانا ناوەکییەکەی ئەو وڵاتە دەستیان هەبووە، پشکنیوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزە ئەمنییەکان هێشتا لە هێندیک شوێنی بانە جێگر کراون و تیمێکی تایبەت لە ئیدارەی ئیتلاعاتی تاران هاتووەتە ئەو شارە و ئەرکی پشکنینی ماڵی هاووڵاتیانی کوردی بە ئەستۆ گرتووە.
ئەو سەرچاوەیە پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لانیکەم ٢٠ هاووڵاتی لە بانە دەستبەسەر کراون کە هەتا ئێستا ناسنامەی ٩ کەسیان بە ناوەکانی سەرحەد ساڵحی، باقی مەحموودی، کازم خدری، ڕەحمان شادان، ساڵح ڕوستەمی، حوسێن خوومی، ئیبراهیم (شۆڕش) شوریایی، زانکۆ ڕەحمەتی و ڕێبوار سووری بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە کە هێندێکیان دوای یەک ڕۆژ و دوای ئەوەی بە نووسراوە بەڵێنییان لێ وەرگیراوە، ئازاد کراون.
ە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی پشکنینی ماڵی هاووڵاتیانی کورد وێنەی پێنج کەسیان نیشان داوە و لێیانیان پرسیوە کە ئەوانە دەناسن یان نا؟ یەکێک لەو کەسانەی کە بە شوێنیدا دەگەڕێن کەسێکی بەساڵاچوو و کەم ئەندامە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە ڕایگەیاند کە، هێزە ئەمنییەکان چەندین کۆڵبەر و کاسبکاری سەر سنووریان بانگ کردووە و هەڕەشەیان لێیان کردووە کە ئەگەر خاوەنی ئەو وێنانە لەو سنوورەوە بچنە دەرەوە ئەوا بەڕەوڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە و تەنانەت بە هێندێکیشیان وتووە ئەگەر ئەو کەسانەمان پێ بناسێننن خەڵات دەکرێن.
ڕۆژی هەینی ٧ی سەرماوەز (٢٧ی نۆڤامبەر)، موحسین فەخریزادە مهابادی، یەکێک لە کەسایەتییە باڵاکانی پرۆگرامی ناوەکیی ئێران، لە ناوچەی ئابسەردی دەماوەند لە نزیک شاری تاران تیرۆر کرا و بەرپرسانی ئێران، ئیسرائیلیان وەک بکەری ئەم تیرۆرە تۆمەتبار کردووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە