پەیامی کورد ... سوپای پاسداران ... چاوەڕێی تۆڵەیەکی تووند و قورسی سەوزپۆشەکانی سوپای پاسداران بن
بەرپرسی "ستادی ئەمر بە مەعرووف و نەهی لە مۆنکەر"ی پارێزگای سنە، ڕایگەیاند، بەدڵنیاییەوە هێزە شۆڕشگێڕەکان و خەڵکی خۆجێیی تۆڵەی خوێنی هێزەکانی سوپای بیت المقدس دەستێننەوە.
"مەحموود ئەڵڵا مۆرادی"، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" نزیک لە سوپای پاسداران ڕایگەیاند، هێزەکانی سوپای پاسداران تۆڵەیەکی قورس لە هێزە دژبەرەکانی ئینقلاب دەستێنێتەوە.
بەرپرسی "ستادی ئەمر بە مەعرووف و نەهی لە مۆنکەر" هەڕەشەی کرد و ڕایگەیاند، گرووپەکانی دژە شۆڕش تۆڵە دەستێننەوە و چاوەڕێی ووڵامێکی تووندی سەوزپۆشەکانی سوپای پاسداران بن.
هەڕەشەی بەرپرسانی نیزامی و ئەمنییەتی حکوومەتی ئێران پاش ئەوە دێت کە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ، "شەکیبا سەلیمی"، لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران، لەگەڵ "جەعفەر نیزامپوور و محەممەد شوکری"، دوو ئەندامی تری سوپا، لە تێکەڵچوونێک لەگەڵ گرووپێکی چەکدار کوژران.
پێشتریش، سەید "سادق حوسێنی"، فەرماندەی سوپای بیت المقدس سنە، وێڕای هەڕەشەکردن لە حیزبە کوردییەکان ڕایگەیاندووە: "حیزبەکانی دژە شۆڕش چاوەڕوانی ووڵامی تووندی هێزەکانی سوپای پاسداران بن".
هەروەها "عەلیڕەزا مەرزبانی"، فەرماندەی مەرزبانیی حکوومەت لە سنە هەڕەشەی کرد: "ووڵامێکی تووندی دژبەرانی شۆڕش دەدەینەوە".
ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بانەمەڕ، هێزەکانی سوپای پاسداران لەگەڵ گرووپێکی چەکداری نەناسراو، لە "چلچەمە"ی دیواندەرە دەرگیر بوون و پیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای حەمزەی سوپای پاسداران لەمبارەوە ڕایگەیاندووە، "شەکیبا سەلیمی"، لە فەرماندەکانی سپای پاسداران، لەگەڵ "جەعفەر نیزامپوور و محەممەد شوکری"، دوو ئەندامی تری سپا، لەم تێکەڵچوونەدا کوژراون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە