هەژاری لە ئێراندا ٥٠٪ی خەڵکی گرتووەتەوە

هەژاری لە ئێراندا ٥٠٪ی خەڵکی گرتووەتەوە

پەیامی کورد ... هەژاری لە ئێراندا ٥٠٪ی خەڵکی گرتووەتەوە

 

ناوەندی ئاماری ئێران ڕایگەیاند، لە 62 ملیۆن و 700 هەزار دانیشتووی ئەو وڵاتە کە تەمەنیان لە 15 ساڵ زیاترە، 41.4% لەڕووی ئابوورییەوە چالاکن. نزیکەی 23 ملیۆن و 700 هەزار کەس کاریان هەیە و 2.2 ملیۆن کەسیش بێکارن. بەشی هەرەزۆری بێکارەکان تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 35 ساڵە. ئەوانەشی کە کاریان هەیە نزیکەی 49% لە بەشی خزمەتگوزاری کار دەکەن. زیاتر لە 33% لە پیشەسازی و نزیکەی 18% لە کەرتی کشتوکاڵدا چالاکن. جگە لە کشتوکاڵ، هەلەکانی کار لە دوو بوارەکەی دیکەدا، لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەمترن لە ئاستی مامناوەندیی ئێران.

 

بەپێی ئەو ئامارانەی کە دامەزراوەی فەرمیی وەکو ناوەندی ئامار و ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی پەرلەمانی ئێران بڵاوی دەکەنەوە، رێژەی ئەو کەسانەی کە لەژێر هێڵی هەژاریدان لە 50% نزیکبووەتەوە. تاوەکو ساڵی رابردوو ئەو رێژەیە لەنێوان 23% بۆ 40% بوو. حکومەتی ئێران داهاتی کەمتر لە 4 ملیۆن و 500 هەزار تمەنی وەکو هێڵی هەژاری دیاریکردووە، بەڵام ئەنجوومەنی باڵای کار دەڵێت، هەر خێزانێکی 4 کەسی ئەگەر مانگانە لە نزیکەی 10 ملیۆن تمەن کەمتر داهاتی هەبێت، لەژێر هێڵی هەژاریدایە. بەوەش رێژەی ئەوانەی لەژێر هێڵی هەژاریدان دەگاتە سەرووی 80%یش.

 

زیاتربوونی رێژەی خەڵکی هەژار و کەمداهات لە ئێران لەکاتێکدایە، کە لە ساڵی 2020 سامانی سەرمایەدارانی ئێران زیاتر بووە لە ساڵانی پێشتر. بەپێی راپۆرتی گۆڤاری ئابووریی فۆربەس، لە ساڵی 2020 سامانی ملیۆنەرەکانی ئێران 24.3% زیادیکردووە کە زۆر زیاتربووە لە ئاستی جیهانی.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە