پەیامی کورد... ئۆکراینا: ڕێککەوتن کراوە لەسەر کردنەوەی ١٠ ڕێڕەوی مرۆیی
جێگری سەرۆک وەزیرانی ئۆکراینا، ئیرینا ڤیریشوک ڕایگەیاند، ڕێککەوتن کراوە لە بارەی کردنەوەی ١٠ ڕێڕەوی مرۆیی بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی.
ڤیریشوک، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردووەتەوە و ئەوەی ئاشکرا کردووە کە، ئەمڕۆ شەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٢، ١٠ ڕێڕەوی مرۆیی بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان لە ناوچەی پێکدادانەکانەوە بۆ شوێنێکی ئارام دەکرێنەوە.
هاوکات ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت لە ماریۆپۆڵەوە بچنە زاپۆریژییا، تەنیا دەتوانن ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان بەکار بهێنن، ئەوانەشی دەیانەوێت بچنە بێردیانسک، بە پاس دەنێردرێن.
ڤیریشوک، باسی لەوەشکرد کە ڕێڕەوە مرۆیییەکان لە تۆکماک، ئەنەرگۆدار و مێلیتۆپۆڵەوە بە ئاراستەی زاپۆریژییا کراوە دەبن. بەڵام ڕێڕەوە مرۆیییەکانی شاری لوخانسک و دەوروبەری ئەگەر ئاگربەست لەگەڵ ڕووسیا ڕابگەیەندرێت، ئینجا دەکرێنەوە.
ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییان بۆ بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دوێنێ لە ئاکامی هێرشێکی مووشەکیی هێزەکانی ڕووسیا بۆسەر وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە شاری کراماتۆرسک سەر بە هەرێمی دۆنێتسک، سەدان هاووڵاتی کە لە وێستگەکە لە چاوەڕوانی گواستنەوە بوون، بریندار بوون و دەیان سڤیل گیانیان لەدەستدا کە چواریان منداڵ بوون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە