پەیامی کورد... عێراق غاز لە قەتەر دەکڕێت
بۆ پڕکردنەوەی کەمیی غازی سروشتی، عێراق یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆن غاز لە قەتەرەوە هاوردە دەکات و دەڵێت، غاز بەشی وێستگەکانی کارەبا ناکات و کورتهێنانێکی زۆر هەیە.
عێراق دەیەوێت ئەو بڕە لە غاز ساڵانە هاوردە بکات بەبێ ئەوەی دیاری بکات تا چەند ساڵی تر پێویستی بە هاوردەکردنی غازە و کەی غازی ناوخۆ دەگات بە ڕادەی پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ، ئەو غازەی هاوردە دەکرێت تەنیا بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی و کورتهێنانی سووتەمەنیی وێستگەکانی کارەبایە، نەک بۆ پێداویستی و بواری دیکەی وەک پیشەسازی و گەرمکردنەوە.
ئەحمەد مووسا عەبادی وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، بۆ هاوردەکردنی غاز لە قەتەر عێراق پێویستی بە دروستکردنی بەندەر و سەکۆی غاز و ئامادەکردنی تۆڕی بۆرییە بۆ گواستنەوەی غازەکە لە بەندەرەکانەوە بۆ وێستگەکانی کارەبا.
بەپێی وتەی عەبادی، تەواوکردنی ئەو پرۆسەیە لەنێوان ١٢ بۆ ١٥ مانگی پێویستە و «ئەوەش ماوەیەکی زۆر دوور و درێژە»، چونکە ئێستا عێراق پێویستییەکی زۆری بە غازە، بۆیە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران فەرمانی کردووە هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئەوپەڕی توانا و هەوڵەکانیان بەگەڕبخەن بۆ ئەوەی لە ماوەی هەشت مانگدا غازی قەتەر بکات بە عێراق.
بڕیارەکەی حکومەتی عێراق لە کاتێکدایە، هەوڵێک هەیە لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە غاز هەناردەی دەرەوە بکرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە