گه‌نجێكی كورد له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران گیانی له‌ ده‌ستدا

گه‌نجێكی كورد له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران گیانی له‌ ده‌ستدا


پەیامی کورد... گه‌نجێكی كورد له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران گیانی له‌ ده‌ستدا


گه‌نجێکی خەڵکی ئیلام بەناوی محەمەد عەبدوڵڵاهی، کە لە کاتی ناڕەزایەتیییەکانی هەفتەی رابردووی شاری ئیلام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا.

رێکخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ بڵاویكرده‌وه‌: لە کاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژی چوارشەممە 12ی تشرینی یه‌كه‌می 2022، لە بەرامبەر بینای فەرمانداری شاری ئیلام، محەمەد عەبدوڵڵاهی 36 ساڵ و خەڵکی ئیلام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، کە دوای چەند کاتژمێرێک لەژێر ئەشکەنجەدا گیان لەدەست دەدا.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی چوارشەممە بڵاوی کردبووەوە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئیلام لە بەرامبەر بینای فەرمانداری چەندین هاووڵاتیی دەستبەسەر و چەندین هاووڵاتیی دیکەش بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی عەبدوڵڵاهی رایگەیاند: "هێزە ئەمنییەکانی ئیلام کاتژمێر 1:30 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، پەیوەندییان بە باوکی محەممەدەوە گرتووە و پێیان وتووە کە کوڕەکەت بریندارە و لە نەخۆشخانەی خومەینی خەوێندراوە".

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، "بنەماڵەی عەبدوڵڵایی هەر ئەوکاتە و دەستبەجێ خۆیان گەیاندووەتە نەخۆشخانەی خومەینی، بەڵام بەرپرسانی نەخۆشخانە پێیان راگەیاندوون کە کەسێک بەو ناونیشانە لەوێ نەخەوێندراوە. دوای کاتژمێرێک دووبارە پەیوەندیان بە بنەماڵەی عەبدوڵڵاییەوە گرتووە و پێیان وتوون کە کوڕەکەتان گیانی لەدەستداوە و کاتژمێر نۆی بەیانی لە ساردخانەی بەهەشتی رەزای شاری ئیلام تەرمەکەی وەربرگرنەوە".

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی عەبدوڵڵاهی کە تەرمی محەمەدی بینیبوو وتی: "ئاسەواری شینبوونەوە لەسەر هەموو جەستەی محەمەد دیار بووە و سەری بەهۆی بەرکەوتنی شتێکی قورس شکابوو".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە