عەلی لاریجانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری ئێران بەربژێرکرد

عەلی لاریجانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری ئێران بەربژێرکرد

ڕۆژی هەینی، عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان و راوێژکاری ئێستای عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ناوی خۆی وەک بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بڕیارە 28ی حوزەیران بەڕێوەبچێت، تۆمارکرد.

لاریجانی دوای کاندیدکردنی خۆی لە باڵەخانەی وەزارەتی ناوخۆ لە تاران بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: “پێویستە پشت بە هێزی ناوخۆ ببەستین و سوود لە ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان وەربگرین”، دەشڵێت “پێویستە میللەتێکی بەهێز و حکومەتێک بەدەست بهێنین کە بناغەی پتەو بۆ وڵات دابڕێژێت”.

راوێژکارەکەی خامنەیی جەختی لەوە کردەوە کە “حکومەت ناوەندی حزب و فراکسیۆنێک نییە و لەبری تێڕوانینێکی ناوەندگەرایی و لە سەرەوە بۆ خوارەوە، بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچەکانی ئێران بە نوخبە و کەسە شیاوەکان دەدرێت”.

سەبارەت بە گەمارۆکان و خراپی بارودۆخی ئابووریی ئێران، لاریجانی وتی،” چارەسەرکردنی کێشەی گەمارۆکان لە پێناو کرانەوەی ئابووریدا، ئەولەویەتێکی دیپلۆماسیی کارەکانم دەبێت”. دەشڵێت: ستراتیژیی ئێران گەیشتنە بە ناوچەیەکی بەهێز و ئاسایش، ئێرانیش،ئەمڕۆ پێشەنگی هەیە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.

دوو رۆژە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئێران کراوەتەوە و موحسین ئیسلامی، وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە رایگەیاند، لەماوەی ئەو دوو رۆژەدا 33 کەس هاتوونەتە بارەگای هەڵبژاردنەکان بۆ ئەوەی ناوی خۆیان تۆمار بکەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران و زۆربەیان مەرجی پێویستیان تێدانەبووە.

موحسین ئیسلامی ئەوەشی بە رۆژنامەنووسان راگەیاند: “دوای تۆمارکردنی لاریجانی، ژمارەی ئەو کاندیدانەی کە مەرجە سەرەتاییەکان تێیدا بەدی دەکرێن بۆ خۆکاندیدکردن لە هەڵبژاردنەکاندا گەیشتوونەتە 7 کەس”، ئاماژەی بەوەشکرد: “3 ژن هەن کە داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ خۆپاڵاوتنیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، بەڵام شایستە نین”.

پڕۆسەی وەرگرتنی داواکاری کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئێران دوات گیان لەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران تا رۆژی دووشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، دوای ئەوە ئەنجومەنی چاکسازیی دەستووری ئێران تاوتوێی شایستەیی کاندیدەکان دەکات و بڕیاریان لەبارەوە دەدەن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە