پەیامی کورد … لە ئەنجامی تێلهەڵچوونێکی چەکداری ٣ ئەندامی سپای پاسداران لە ئورمیە کوژران
لە ئاکامی تێکهەڵچوونێێکی چەکداری لە سنوورەکانی شاری سەڵماس کە لەنێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزێکی کوردی هاتە ئاراوە لانیکەم ٣ ئەندامی سپای پاسداران کوژران.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی بانەمەڕێ ٢٧٢١ ( ١١ی مەی ٢٠٢١)، لە سنوورەکانی شاری سەڵماس سەر بە پاریزگای ئورمیە تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەنێوان هێزێکی سپای پاسداران و حیزبێکی کوردستانی هاتووەتە ئاراوە کە لە ئەنجامی شەڕەکەدا لانیکەم ٣ ئەندامی سپای پاسداران کوژراون. هەروەها، ٣ ئەندامی لایەنی دیکەی تێکهەڵچوونەکەش کە گرووپێکی ٤ کەسی بوون گیانیان لە دەست داوە و چارەنووسی یەکێکیشان نادیارە.
ئەو تێکهەڵچوونە لە دۆڵی “ئەغلبووب”ی سەڵماس هاتووەتە ئاراوە و هەتا ئێستا ناسنامەی دوو کەس لە ئەندامانی سپا کە کوژراون و خەڵکی شاری سەڵماس بوون بە ناوەکانی “تەوحید مورادی” و “ مێهدی خەلیلی” ئاشکرا بووە.
بە پێی ئەو زانیاریانەی کە دەست کەوتووە، دوابەدوای تێکهەڵچوونەکە تۆپخانەکانی سپای پاسداران بە خەستی دۆڵی “ئەغلبووب”یان تۆپباران کردووە.
بنکەی حەمزەی سپای پاسداران لە ئورمیە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و بە بێ ئەوەی ئاماژە بە شوێنی شەڕەکە بدا کوژرانی دوو ئەندامی سپای پشتڕاست کردووەتەوە. لە بەشێکی بەیانیەکەدا هاتووە کە هەموو ئەندامانی لایەنی دیکەی شەڕەکە کە گرووپێکی ٧ کەسی بوون کوژراون. بەڵام سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە لایەنی دیکەی شەڕەکە گرووپێکی ٤ کەسی بوون کە ٣ کەسیان کوژراوە.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ یەک لە حیزبە کوردستانییەکان بەرپرسیارێتی ئەو شەڕەیان بە ئەستۆ نەگرتووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە