پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی ڕوونکردنەوەیەکی گرینگ سەبارەت بە مووچە بڵاو دەکاتەوە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە دۆخێکی سەختی ئابووریدان و جگە لە داهاتی مانگانە، هیچ یەدەگێکی داراییان نییە، هەوڵدەدەن بەپێی توانای بەردەست مووچەی فەرمانبەران دابین بکەن.
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان، لە پەرلەمانی کوردستان روونکردنەوەی لەبارەی کارەکانی کابینەکەی دا. بەشێکی تەرخانکرد بۆ باسکردنی مووچە و دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکوەزیران روونکردنەوەی دایە پەرلەمانتاران، کە پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت دۆخێکی سەختی ئابووری لە جیهان و هەرێمی کوردستانیش دروستکردووە و گوتی "نەناردنی بودجەی بەغدا دۆخەکەی سەختتر کرد".
مەسرور بارزانی رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی بەشێکی ئەو دۆخە داراییە پلانیان بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات داناوە لە چوارچێوەی پرۆژەیاسای چاکسازیدا کە بەمزووانە رەوانەی پەرلەمانی دەکەن. بەپێی پلانەکە، ئامانجی حکومەت هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتە.
سەبارەت بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانیش رایگەیاند، لە سەرەتای دروستبوونی قەیرانی داراییەوە هەوڵی حکومەت دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بووە، بۆیە گوتی "لە دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیەدا 12 مووچەمان داوە، تەنیا دوو مووچە دواکەوتووە بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم بۆ مانگەکانی پێنج، شەش و حەوت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوایین دوو مووچەی بە لێبڕینی %٢١ دابەشکردووە، لەوبارەیەوە مەسروور بارزانی ووتی "بەهۆی کەمکردنەوەی تەمویلی مووچە لەلایەن بەغداوە بڕیارماندا مووچە بەپێی توانای بەردەست دابەشبکەین و دوو مووچە بە رێژەی ٧٩% دابەشبکەین". دەشڵێت "ئەم دۆخە سەختە نەخوازراوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان درووستی نەکردووە و تەنیا لە کوردستان نییە، دەبێ بەناچاری خۆمان لەگەڵ ئەم دۆخە بگونجێنین".
ئاماژەی بەوەشکرد کە هەوڵدەدەن بە پلانەکانی چاکسازی و رێکخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران ئەو دۆخە ئابوورییە سووکتر بکەن.
سەبارەت بە قەرزو پابەندە داراییەکانیش سەرۆکی حکوومەت لە پەرلەمان رایگەیاند "لە چەند بۆنەیەکی دیکەشدا گوتوومە کە چەندین ملیار دۆلار قەرزمان لەسەرە، کە بەشێکیان لە ئەستۆی حکوومەتی عێراقە بەهۆی نەناردنی بوودجەی هەرێمی کوردستان".
مەسروور بارزانی ئەوەشی ووت "بەداخەوە هەرێمی کوردستان خاوەنی هیچ یەدەگێکی دارایی نییە و تەنیا پشت بە داهاتی مانگانە دەبەستین، ئەمەش وادەکات رووبەڕووی کێشە ببینەوە لە هەر قەیرانێکی داراییدا".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە