شاخەوان عەبدوڵلا پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی پارتی لە كەركووك بەتوندی ڕەخنە لە بزوتنەوەی گۆڕان دەگرێت و رایدەگەیەنێ گۆڕان خاوەن پرۆژەی رەشکردنەوەی دەنگەکانی پێشمەرگەی كوردستانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دووپاتی دەكاتەوە بەڵگەکانی بەدەست گەیشتووە.
پەرلەمانتارەکەی پارتی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك پۆستێكی بەناوی "دەک شەرمەزار بن" نووسیوە و تێیدا دەڵێ پارتی هیچ کێشەیەکی لەوەدا نییە ئەگەر پەرلەمانی عێراق یان کۆمسیۆن یان هەر جیهەتێک دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان جارێکی تر بەدەست بژمێرێتەوە، بەڵام ئەوە بەتاوانێکی گەورە دەزانین پەرلەمان لە دەرەوەی دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێری بێت، جێگای دادگا بگرێتەوە و دەنگەکانی ئاوارەکان و پێشمەرگە و دەرەوە رەش بکاتەوە، کە پێچەوانەی مادەی 4 بڕگەی 5 لە یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2007ی کۆمسیۆن، کە ئەو دەسەڵاتەی داوە بە دەستەی دادوەری تەمیز بۆ ئەوەی ئەگەر لە جێگایەک تەزویر کرا، ئەو سندوقە رەش بکاتەوە، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە تۆ بێیت دەنگی سەرجەم پێشمەرگە رەش بکەیتەوە، بەبێ ئەوەی لێكۆڵینەوە بکەیت کە تەزویر کراوە یان نە.
هەروەها نووسیویەتی "ئەوەی زۆر نیگەرانی کردم لەو بابەتە، دوای پەیوەندیکردن بەلیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی یاسایی پەرلەمان، ئەوەیان روون کردەوە کە بزوتنەوەی گۆڕان خاوەن پرۆژەی رەشکردنەوەی دەنگەکانی پێشمەرگەیە و بەڵگەکانم بەدەست گەیشتووە، لێرەوە دەڵێم نازانم گۆڕان جارێک پێشمەرگە دەکەن بە میلیشیا جارێک دەیکەن بەئەنفالچی، جارێک رێگری دەکەن لەسەر ئەوەی بودجە بۆ 100 هەزاریان لە بەغدا دابین بکرێت و گوتیان ئەوە هێزی حزبییە هی کورد نییە، ئەم جارەش بەتەزویرچی ناویان دەبەن، پێموایە دەبێت ئیتر سنوورێکتان بۆ دابندرێت، لەوە زیاتر سوکایەتی بەپێشمەرگە و کورد نەکەن".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە