پەیامی کورد... لە ١١ ڕۆژدا ٢٥ بەندکراوی بەلووچ لەئێراندا لەسێدارە دراون
بە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دوو هاووڵاتیی دیکەی بەلووچ بە ناوەکانی محەممەد ئەحمەدی و یاسر ڕەخشانی، لە بەندیخانەکانی ئیسفەهان و زاهیدان، ژمارەی لەسێدارەدراوانی بەلووچ لە ئەمڕۆدا بوون بە سێ کەس و لە ماوەی ١١ ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتە ٢۵ کەس.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٨ی مەیی ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی محەممەد ئەحمەدی، هاووڵاتیی بەلووچ، تەمەن ٤۵ ساڵ و خەڵکی شاری کەهنووچ سەر بە پارێزگای کرمان، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان جێبەجێ کرا.
ناوبراو ٣ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسفەهان سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
هەر ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی بانەمەڕ، سزای سێدارەی یاسر ڕەخشانی، تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی شاری زاهیدان لە بەندیخانەی ئەو شارە جێبەجێ کرا.
ناوبراو دوو ساڵ پێش دەستبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست تاوانبار و سزای سێدارەی بەسەرد سەپا.
هەروەها، سزای سێدارەی یوونس ڕیگی ڕەخشانی، هاووڵاتییەکی دیکەی بەلووچ، تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی زاهیدان، لە بەندیخانەی عادڵئاوای شیراز جێبەجێ کراوە. ناوبراویش هەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کراوە و سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ١١ ڕۆژی ڕابردووی مانگی بانەمەڕدا لانی کەم ٢۵ هاووڵاتیی بەلووچ کە دوو کەسیان ژن بوون، لە بەندیخانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە