پەیامی کورد ... حاکم شێخ لەتیف بۆ سەرۆک بارزانی : خۆزگە ١٥ ساڵ پێش ئێستا وات بکردایە .
حاكم شێخ لەتیف پەرلەمانتاری پێشوی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پەیامێكدا دەستخۆشی لە مەسعود بارزانی دەكات و دەڵێت، خۆزگە پانزە ساڵ لەمەوبەر وات بکردایە.
حاكم شێخ لەتیف لە پۆستێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نووسیویەتی،"کە ئێمە لەبەغدا بوین ،بۆمان دەرکەوت ئەو میکانیزمەی کە ھاوپەیمانی کوردستانی کاری پێ دەکات لە بەغدا ھەڵەیە، ئەوان تەنھا بەرگریان لە ماف و بەرژەوەندی ھەرێم وبەرژەوەندی حیزبی خۆیان دەکرد، بۆیە چەندین جار لە پەرلەمانتارانی عەرەبەوە ئەوەمان گوێ لێدەبو دەیان وت کوردەکان تەنھا بەرگری لە مافی خۆیان دەکەن و عێراق ئاو بیبات بەخەیاڵیاندا نایەت".
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان دەشڵێت،"ئەمە وایکرد ڕۆژبەڕۆژ وێنای کورد لە بەغدا وا وێنا بکرێت کە مشە خۆرێکەو لەسەر لاشەی عێراق دەژی و ھەرچی دەیەوێت دەیبات و ھیچ سودێکی بۆ عێراق نیە، بۆیە ڕۆژ بەڕۆژ سۆزی عەرەب و لایەنە سیاسیەکانی بۆ کورد کەمدەبۆوە".
لەبەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا، حاكم شێخ لەتیف دەڵێت،"ئێمە بڕیارماندا بەھەمان ئەو گوڕوتینەی بەرگری لەبەرژەوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەین، بەھەمان شێوە بەرگری لە داواکاری و بەرژەوەندیەکانی پارێزگاکانی تری عێراقیش بکەین، وەک بەرگری لە خۆپیشاندەرانی پارێزگای بەسرەو ئەنبارو شوێنەکانی تریش".
راشیگەیاند،"کەسێکی وەک بەھا ئەعرەجی کە سەرۆکی فراکسیۆنی ڕەوتی سەدر بوو لە بەرنامەیەکی شەرقیە بەیەکەوە بوین وتی، خۆزگە چەند ساڵە نوێنەرانی کورد لە بەغدا وەک ئێوە کاریان بکردایە، ئێوە خەڵکی وەتەنین بەرگری لەمافی کوردو عێراقیەکانیش بکەن، کەچی میدیای برادەرانی پارتی و نوسەرەکانیان و ھەندێ لە ھاوڕێ پەرلەمانتارەکانیشیان تۆمەتباریان دەکردین کە ئێمە عێراقچین و دژی ھەرێم کاردەکەین"
حاكم شێخ لەتیف دەشڵێت،" ئێستا دوای 10 ساڵ بەڕێز مەسعود بەرزانی دێتە سەر بۆچونەكەی ئێمەو ئامۆژگاری فراکسێۆنەکەیان دەکات کە بەرگری لە مافەکانی ھەموو خەڵکی عێراق بکەن".
لە كۆتایشدا داوایكردوە كە مەسعود بارزانی داوا لە فراکسیۆنەکەی پارتی لە پەرلەمانی کوردستانیش بکات بەرگری لە مافەکانی خەلکی ھەرێمی کوردستان بکەن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە