پەیامی کورد ... پەیامی پیرۆزبایی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی یادی 26 ساڵەی دامەزراندنی کوردستان تیڤی
سەرۆك بارزانی بەبۆنەی 26 ساڵەی دامەزراندنییەوە، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی (كوردستان تیڤی) كرد و رایگەیاند، لەو یادەدا ئەو چاوەڕوانییە لە ئێوەی ئازیز هەیە، ببنە سەکۆی سەرەکی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری نیشتیمانی و ڕاستگۆیی لەناو میدیای کوردیدا".
دەقی پەیامە پیرۆزباییەكەی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی 26 ساڵەی دامەزراندنی کوردستان تیڤی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بۆ سەرپەرشتیاری گشتی تۆڕی میدیایی کوردستان و بەڕێوەبەر و سەرجەم كارمەندانی كوردستان تیڤی
بەبۆنەی بیست و شەش ساڵەی كاركردنی كوردستان تیڤی وەک یەكەم كەناڵی سەتەلایت لە كوردستان، پیرۆزبایی ئەو یادە مێژووییەتان لێ دەكەم. كوردستان تیڤی لەپێناو ئامانجێکی بەرز و ڕەوای نیشتیمانی و، لە هەلومەرجێكی پێویست و لە قۆناغێكی هەستیار بە هەوڵ و ماندووبوونی دڵسۆزان دامەزرا و بووە مینبەرێکی گرینگی گەیاندنی پەیامی خەڵكی كوردستان و هەروەها بوو به بەشێک لەخەباتی نیشتیمانی و نەتەوەییمان.
لەو یادەدا ئەو چاوەڕوانییە لە ئێوەی ئازیز هەیە، ببنە سەکۆی سەرەکی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری نیشتیمانی و ڕاستگۆیی لەناو میدیای کوردیدا ئەویش بە سوودوەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای سەردەم و تەکنیک و شێوازی تازەی کارکردن و پابەندبوون بە چوارچێوەکانی کاری پرۆفیشناڵی میدیایی و هەروەها ڕەچاوکردنی بەها نیشتیمانی و نەتەوەییەکان.
دەستخۆشی لە ئەرک و ماندووبوونتان دەکەم و هەر سەرفراز و سەركەوتووبن.
مسعود بارزانی
17ی کانوونی دووەمی 2025
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە