پەیامی کورد... ئەمریکا: ئەگەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی بێ ئەنجام بێت ناچارین هێرش بکەینە سەر ئێران
بەشێک لە بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا دەڵێن، واشنتن تەنیا تا کۆتایی ئەم مانگەی لەبەردەمدایە بۆ ڕزگارکردنی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی و ڕێگریکردن لەوەی تاران چەکی ئەتۆمی دروست بکات، ئەگەرنا ناچارە هێرش بکاتە سەر ئێران.
ساڵی ٢٠١٥ ئێران و وڵاتانی خۆرئاوا ڕێککەوتننامەیەکیان بەناوی «ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی» واژۆ کرد بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەر سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و فشارەکانی خۆرئاوا بۆسەر ئەو وڵاتە.
ساڵی ٢٠١٨ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا تاک لایەنە لە ڕێککەوتننامەکە کشایەوە و ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنتن زیاتربوون. ئەمریکا سزای سیاسی و ئابووری زیاتری بەسەر ئێراندا سەپاند و ئەویش هەوڵی پیتاندنی زیاتری یۆرانیۆمی دا.
ماوەیەکە وتووێژ لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمەوە، لەنێوان ئێران و خۆرئاوادا دەستی پێکردووەتەوە. تاران پێی وایە وتووێژەکان بە باشی بەڕێوە دەچن، بەڵام ئەمریکا دەڵێت ئەوەی دەکرێت کەم و سستە و ترسی هەیە لەوەی نەگەن بە ئەنجام و سەرەنجام ئێران دەستی بگات بە چەکی ئەتۆمی.
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لە زاری سێ بەرپرسی ئیدارەی ئەمریکاوە بڵاوی کردووەتەوە، ئیدارەکەی جۆ بایدن کاتێکی کەمی لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران و ئەگەر تا کۆتایی ئەم مانگە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ڕزگار نەکات، ئەوا ناچار دەبێت هێرش بکاتە سەر ئێران بۆ ئەوەی ڕێگری لێ بکات لە بە دەستخستنی چەکی ئەتۆمی.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە