پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە(36)مین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە

پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە(36)مین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە

سەۆك وەزەیرانی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی لەبارەی ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بڵاو كردەوە و گوتی: "ئامانجی سەرەکی ئەم تاوانە و تاوانەکانی دیکەی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە دژی خەڵکی کوردستان، جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و سڕینەوەی ناسنامەکەی بوو، کە پێویستە هەمیشە ئەم تاوانانەمان لە یاد بێت و هاندەرمان بێت بۆ داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان."


ئەمڕۆ شەممە 3/16، مەسر,ور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراق بڵاوکردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی؛

لە سی و شەشەمین ساڵیادی کیمیارانکردن و کۆمەڵکوژیی شاری هەڵەبجەدا، بەڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی بێتاوانی ئەو شارە خۆشەویستەی کوردستان دەکەینەوە کە
بوونە قوربانی دڕەندەیی ڕژێمی پێشووی عێراق و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

ئامانجی سەرەکی ئەم تاوانە و تاوانەکانی دیکەی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە دژی خەڵکی کوردستان، جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و سڕینەوەی ناسنامەکەی بوو، کە پێویستە هەمیشە ئەم تاوانانەمان لە یاد بێت و هاندەرمان بێت بۆ داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

جێی داخ و نیگەرانییەکی قووڵە، کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، تا ئێستا ئامادە نین، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە و قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی دیکە بکەنەوە کە ئەوە مافێکی ڕەوا و دەستووری خەڵکی کوردستانە، تەنانەت تا ئێستا ئامادە نین ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەش تەواو بکەن.

خزمەتکردنی خەڵکی هەڵەبجە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و مانگی ڕابردوو لە کاتی سەردانمان بۆ پارێزگای هەڵەبجە، ڕەزامەندیمان لەسەر هەموو ئەو داواکارییانە دا کە لەلایەن بەڕێزان پارێزگار و بەرپرسانی کارگێڕی دەڤەرەکە خرانەڕوو. هیوادارين لە داهاتوودا، بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵکی نیشتمانپەروەر و قوربانیدەری هەڵەبجە بکەین.

شەهیدانی کارەساتی هەڵەبجە و هەموو ئەو جینۆسایدانەی بەرانبەر خەڵکی کوردستان ئەنجامدراون، هەمیشە لە یادمانن و هەرگیز نابێت ڕێگە بدەین هیچ شتێک ئەم تاوان و شەرمەزارییانە لەبیر خۆمان و لەبیر دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی بەغدا بباتەوە و دەبێ بەردەوام بەبیریان بهێنینەوە کە پێویستە قەرەبووی خەڵکی کوردستان بکەنەوە.

سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە