پەیامی کورد ... بەهۆی هەڵکەندنی رێگا و نەبوونی هیچ هێمایەکی هاتووچۆ، ئۆتۆمبێلێک بەخێرایی دەکەوێتە نێو چاڵێک، یەکێک لە سەرنشینەکان گیانی لەدەستداوە و دوو سەرنشینی دیکەی ئۆتۆمبێلەکە بریندارن.
ئێوارەی پێنجشەممە ئۆتۆمبێلێک بە خێرایی دەڕوات و دەکەوێتە نێو چاڵێک، لەوبارەوە سەنگەر سەعید باپیر، مفەوەزی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی کۆیە بە رووداوی راگەیاند: "رووداوەکە لە رێگای هەولێر- کۆیە و لەنێوان کۆمەڵگەی کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان (دیموکرات) و بازگەکە روویداوە. ئەو کۆمپانیایەی رێگاکە نۆژەندەکاتەوە چاڵێکی گەورەیان لەسەر رێگاکە هەڵکەندووە، هیچ هێمایەکیشیان دانەناوە وەک هۆشدارییەک بۆ خراپی رێگاکە".
بەگوتەی سەنگەر سەعید باپیر، کەسێک بەناوی کامیار کەریم عەلی، کە لەدایکبووی 1989 ـیە گیانی لەدەستداوە و دوو سەرنشینی دیکە بەناوەکانی هۆشەنگ نورەدین سەعید و دیاری غازی کەریم بریندارن، بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستییان ئێستا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێرن.
لە وێنەکاندا دەردەکەوێت چەند فسفۆڕێک (هێمای هاتووچۆ) لەدەوری چاڵەکە دانراون، سەنگەر سەعید باپیر دەڵێت، ئەو هێمایانە دوای رووداوەکە و لەلایەن بنکەی هاتووچۆی دێگەڵەوە دانراون، پێش رووداوەکە هیچ هێمایەک لەوێ نەبووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە