سیستەمی وەرگرتنی پەخشی کەناڵە تەلەڤزیۆنییە لۆکاڵییەکان کراوەتە کارت، بەڕێوەبەری كۆمپانیای میكس میدیاش دەڵێت، "مانگانە کارتی تەلەڤزیۆنەکە سێ هەزار دینارە، هەنگاو بە هەنگاویش تەلەڤزیۆنی زیاتر دەخەنە نێو سیستەمەکەوە".
بەوتەی كارۆخ نورەدین، بەڕێوەبەری كۆمپانیای میكس میدیا، ماوەی چەند رۆژێكە دەستیان بە گۆڕانكاری كردووە لە سیستەمی پەخشی تەلەڤزیۆنە ناوخۆییەكان، راشیدەگەیەنێت، کە نرخی ئامێركەیان لە (٩٠) هەزار دینارەوە بۆ (٣٩) هەزار دینار دابەزاندووە.
رونیشیکردووەتەوە، کە كارتی کارکردنی ئامێرەكە مانگانە سێ هەزار دینارە، بۆ ساڵێكیش دەكاتە (٣٦) هەزار دینار.
بەڕێوەبەری كۆمپانیای میكس میدیا ئاماژەی بەوەشکردووە، کە هەر چەند رۆژ جارێك چەند تەلەڤزیۆنێکی ناوخۆیی دەخەنە نێو سیستەمە نوێیەكەیانەوە، لە داهاتوودا ئۆفەری دیكەشیان بۆ بەشداربووانیان دەبێت.
جێی ئاماژەیە، لەهەرێمی كوردستان سێ كۆمپانیای بواری پەخشكردنەوەی كەناڵە ناوخۆییەكان هەن، كۆمپانیای میكس میدیا گەورەترینیانە.
پێشتریش وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان ئاشکرایکرد، کە لەهەرێمی كوردستاندا (١٢٧) کەناڵی تەلەڤزیۆن هەن، لەو ژمارەیەش (٩٣)یان ناوخۆیی و (٣٤)یشیان ئاسمانین.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە