بەرپرسی نووسینگەی رزگاركردنی كوردانی ئێزدی لە دەستی داعش رایگەیاند، لەبەر دوو ھۆكار وەكو پێشوو كوردانی ئێزدی لە دەستی داعش رزگار ناكرێن، لەوانە كۆرۆنا كاریگەری زۆری ھەبووە و داواكارین ئیدارەی رۆژئاوای كوردستانیش زیاتر ھاوكار بن. دەشڵێ: "٢ هەزار و ٨٠٠ كەس لە دەست داعش ماون و بە بڕیاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بەردەوام دەبین تاوەكو سەرجەمیان ئازاد دەكرێن".
حسێن قایدی، گوتی: "ھاتنی كۆرۆنا كاریگەریی زۆری ھەبوو لەسەر رزگاركردنی كوردانی ئێزدی لە دەستی داعش، چوونكە ھاتووچۆ لە نێوان وڵاتان و پارێزگاكان وەستا و ئەمەش وای كرد كە كەمتر بتوانین كوردانی ئێزدی رزگار بكەین".
بەرپرسی نووسینگەی رزگاركردنی كوردانی ئێزدی لە دەستی داعش گوتیشی: "زۆرینەی كوردانی ئێزدی لە رۆژئاوای كوردستانن لە كەمپی (ھۆل) و ھاوكارینەكردنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەویش یەكێكی دیكەیە لە ھۆكارەكان، ئەمە دوو خاڵی سەرەكییە، بۆیە ھەموو ھەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی سەرجەمیان رزگار بكەین و نووسینگە لە كاری خۆی بەردەوام دەبێت".
قایدی ڕوونیشی كردەوە، تا ئێستا ٣ھەزار و٥٥٠ كەس رزگار كراون و ٢ھەزار و ٨٠٠ كەسیش ماون رزگار بكرێن.
دەشڵێ، لە كەمپی (ھۆل) لە رۆژئاوای كوردستان و لە شوێنەكانی دیكەش ماون رزگار بكرێن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە