بە بێ کارتی نوێی بایۆمەتری مافی دەنگدان بۆ کەس نییە

بە بێ کارتی نوێی بایۆمەتری مافی دەنگدان بۆ کەس نییە

 پەیامی کورد   ...    پڕۆسەی بایۆمەتری دەنگدەران بەردەوامە و بەرپرسێکی باڵای کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش داوا لە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەکات خۆیان تۆمار بکەن و دەشڵێ، ھەر ھەڵبژاردنێک لە عێراقدا بەڕێوە بچێت، بەبێ کارتی نوێ، دەنگدەر مافی دەنگدانی نابێت.

ڕزگار حاجی، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند: "پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدەران لە سەرتاسەری عێراق، بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت و ڕێژەی بەشداریکردنی ھاووڵاتییانیش لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە. بەرزترین ڕێژەی بەشداریی ھاووڵاتییان لە سنووری پارێزگای دیالە بووە، بەداخەوە لە ھەرێمی کوردستان تا ئێستا ڕێژەی بەشداری وەک پێویست نییە."

جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی: "یەکێک لە ھۆکارەکانی کەمیی ڕێژەی بەشداریی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت، ئەوە تەنیا پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە و کورد لە کەرکووک و نەینەوا بەشدارە، بەڵام پێویستە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان سەردانی بنکەکانی تۆماری بایۆمەتری بکەن."

ڕزگار حاجی ڕوونی کردەوە: "لە ھەر ھەڵبژاردنێکدا کە لە عێراق بەڕێوە بچێت بەبێ کارتی بایۆمەتری ھیچ ھاووڵاتییەک مافی دەنگدانی نابێت، لەبەر ئەوە پێویستە و داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین، ئەوانەی خۆیان تۆمار نەکردووە، لە بایۆمەتریی دەنگداندا بەشداری بکەن، تا ببنە خاوەن کارتی نوێی دەنگدان."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە