بەفر رێگای سەدان گوندی لە باکووری کوردستان داخستووە

بەفر رێگای سەدان گوندی لە باکووری کوردستان داخستووە

پەیامی کورد... بەفر رێگای سەدان گوندی لە باکووری کوردستان داخستووە


بەفربارین بە شێوەیەکی چڕ لە گوندەواری پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، ئاگری، ئەردەخان و قەرس بەردەوامە و لە پارێزگانی دیکەی باکووری کوردستانیشدا بەفری زۆر باریوە.

لەو ناوچانەدا بەفر کەڵەکە بووە و رێگەی 448 گوند بەڕووی هاتووچۆ داخراوە. ئەمە لەکاتێکدایە 257 لەو گوندانە دەکەونە سنووری پارێزگای ئەرزەڕۆم. تیمەکانی شارەوانی و بەرگریی شارستانیی ئەو پارێزگایانە لە هەوڵی راماڵی بەفر و کردنەوەی رێگەکانن.

بەشێک لەو رێگەیانە بە زەحمەتیش بێت بەشێک لە هاونیشتمانییان پێیدا تێدەپەڕن، بەڵام رێگەی 121 گوندی ئاگری، 53 گوندی ئەردەخان و 17 گوندی قەرس بە تەواوی بە بەفر داخراون. ئەگەرچی لە پارێزگاکانی دیکەدا ناوەندی شارەکان لە دۆخێکی باشتردان و بەفری کەمتر باریوە، بەڵام قەرس بە تەواوەتی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی بەفر و زۆربەی شوێنەکانی ناوەندی پارێزگاکەش سپیپۆشن.

رۆژی سێشەممە، قایمقامی قەرس لە راگەیێنراوێکدا باسی لە کاریگەرییەکانی بەفر و شەختە کردبوو و پشووی رۆژێکی (21-2-2023) بۆ تەواوی قوتابخانەکانی سنوورەکەی راگەیاندبوو.

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، پلەی گەرما لە ئاگری 1ی ژێر سفری سەدییە و بە شەو دەبێتە 7ی ژێر سفر. هەروەها پلەی گەرما لە ئەردەخان بە رۆژ سفر و بە شەو دەبێتە 8ی ژێر سفر. لە قەرس پلەی گەرما 1ی سەدییە و شەو دەبێتە 13ی ژێر سفری سەدی. لە پارێزگای ئاگریشدا بە رۆژ 1 پلە و بە شەو دەبێتە 7 پلەی ژێر سفر.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە