بەپەلە ... بەڕێوبەری گشتی بەندئاوەکانی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات

بەپەلە  ...  بەڕێوبەری گشتی بەندئاوەکانی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات

پەیامی کورد  ...  بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە مەترسی بەردانەوەی ئاو و سەرڕێژكردنی بۆ نێو زێی بچووك، هۆشداری دەداتە خەڵكی نزیك زێی بچووك و بەنداوی دوكان، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخانیش دەڵێت، لە ئێستادا بەنداوەكە یەك ملیار و 930 مەتر سێجا ئاوی تێدایە.

بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگاكانی كۆكردنەوەی ئاوی هەرێمی كوردستان، ئەكرەم ئەحمەد ، ڕایگدەگەێنێت : "بە فەرمی دانیشتووانی نزیك بەنداوی دوكان و دەربەندیخان و ئەو ناحیانەی دەكەونە سەر زێی بچووك ئاگادار كراونەتەوە، كە مشووری خۆیان بخۆن و نزیكی شوێنە قەدەغەكراوەكانی ڕووبارەكان نەكەون، ئەو پڕۆژە گەشیاری و باخ و خانوو و ماڵانەی لە شوینی قەدەغەكراون و بە زیادەڕۆیی دروست كراون، خاوەنەكانیان خۆیان بەر پرسیارن لە زۆربوون و بەردانەوەی ئاوی بەنداوەكان، چونكە ئێران ئاوەكەی وردە وردە وا بەرداوەتەوە و پێویستە هەموو ناحیە و قەزاكانیش لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراو ئاگادار بن."

لە لایەكی دیكەشەوە، ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ، ڕایگەیاند: "بە هۆی زۆری بارانبارین و بەردانەوەی ئاو بە ڕێژەیەكی زۆر لەلایەن ووڵاتی ئێرانەوە، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا یەك مەتر و 30 سانتیم ئاستی ئاوی دەربەندیخان زیادی كردووە، كە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئەمساڵ 10 مەتر و 30 سانتیم ئاستی ئاوی دەربەندیخان زیاترە".

خانی گوتیشی: "بە هۆی بوومەلەزەكەی ساڵی 2017ـوە زیان بەر 10 مەتر سەرووی بەنداوەكە كەوتووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش یەك ملیار دیناری بۆ چارەكردنی زیانەكان خەرج كرد، هەروەها حكوومەتی عێراق تیمی پسپۆڕی ناردووە و بەردەوام پشكنین بۆ بەنداوەكە دەكەن، بەپێ ئەو ڕێنماییەی پێمان دراوە، ئەوەندە ئاو گل دەدەینەوە كە زیان بە بەنداوەكە نەگات و هیچ مەترسییەكیش نییە لە ئێستادا".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە