پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی، لە گوتارێكیدا لە میانەی كردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر رایگەیاند : كات و دەرفەتی زۆریان بە لایەنەكان داوە، بەڵام لەمڕۆوە یەك چركەش چاوەڕێ ناكەن و بە زووترین كات حكوومەت پێك دەهێنن.
سەرۆك مەسعوود بارزانی، لە میانەی كردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێب لە شاری هەولێر، گوتارێكی پێشكەش كرد، تێیدا هاوخەمیی خۆی بۆ كەسوكاری قوربانیانی كارەساتەكەی مووسڵ دەربڕی، هۆكاری ئەوەیشی بۆ خراپیی باری ئەمنی و سیستەمی بەڕێوەبردنی پارێزگاكە و نەبوونی خزمەتگوزاری گێڕاوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، كە پێش رزگاكردنی مووسڵ، قسەشیان لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی عێراق و ئەمەریكاییەكان كردووە، كە بە دوو قۆناغ بێت، یەكەم، رزگاكردنی شارەكە، دووەمیش، چۆنییەتی بەڕێوەبردنی شارەكە بێت، بەڵام لە دوای رزگاكردنی پارێزگاكە، لایەنەكان لە پلانی دووەم دوور كەوتنەوە، هاوكات لە دوایین دیداریش لەگەڵ لایەنی عێراقی، پێی گوتوون، قۆناغی دوای رزگاركردنی زۆر ئاڵۆزە و زۆر لەوە گەورەترە، كە لە توانای پارێزگار و ئیدارەكەیدا بێت، بەو پێیەی ئەو پارێزگایە فرەڕەنگ و فرەدەنگە، پێویستە شێوەیەكی ئیستسنای بۆ بدۆزرێتەوە، تا هەڵبژاردن دەكرێت، ئەوەیشی لە دوای رزگاكردنی شارەكە روو دەدات، لە ئەستۆی ئێوەیە، بەڵام ئەوان ئەوەیان نەكرد، لە كاتێكدا هێزەكانی پێشمەرگە بە وردی كارەكانی خۆیان دەكرد و هەر ئەوانیش بوون هێڵی یەكەمی بەرگریی داعشیان لەو پارێزگایە تێكشكاند.
هۆكارەكانی درووستبوونەوەی داعش ماون
سەرۆك بارزانی لە میانەی گوتارەكەیدا، ئاماژەی بەو زەبرە گەورەی، كە بەر داعش كەوتووە دا و گوتی: "داعش شكستی گەورەی خوارد و خاكی لە دەست داوە، بەڵام مەترسییەكانی داعش هەر ماون و مەترسیی جدیین، پێویستە لەناوبردنی داعش بە هەماهەنگیی نێوان عێراق و سووریا بێت، نابێ دەرفەت بە داعش بدرێتەوە لە شوێنی دیكە نەشونما بكاتەوە و دروست ببێتەوە، هۆكاری دەركەوتنی داعش تا ئێستاش هەر ماون، نابێ پێمان وابێت داعش نەماوە، بەڵكوو ئەوانەی دەڵێن داعش كۆتایی پێهاتووە، راستی ناڵێن".
دەرفەتی زێڕینی پێكەوە ژیان
سەرۆك بارزانی باسی لەوەش كرد، كە لە دوای رووخانی رژێم، دەرفەتی بەهادارمان بۆ هاتە پێش، لە پێناو دامەزراندنەوەی عێراقێكی فرەڕەنگ، بەڵام بە داخەوە ناخۆشی و كێشە لە نێوان هەرێم و ناوەند روویان دا، جەختیشی لەوە كردەوە، گەر دەستوور جێبەجێ بكرایە، ئەو كێشانە روویان نەدەدا، گوتیشی: "ئێستا هەست دەكەین هەمووان پێیان وایە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بۆ نەهێشتنی كێشەكان، تەنیا چارەیە، كە هەمیشە ئێمە ئەوەمان ویستووە، ئەمڕۆ دەرفەتێكی نوێ هەیە، خواستێك بۆ چارەكردنی سەرجەم كێشەكان، بە بوونی عادل عەبدولمەهدی برام بە سەرۆكوەزیرانی عێراق، دەرفەتێكی نوێیە بۆ چارەكردنی كێشەكان، ئێمەش بە شێوەیەكی جیددی هاوكاری دەبین بۆ چارەكردنی كێشەكان، پێویستە دەستوور جێبەجێ بكرێت، تا عێراقێكی بە تەواوی مانا فیدراڵ دروست ببێت".
بە زووترین كات حكوومەت پێك دەهێندرێت
سەرۆك بارزانی لە كۆتایی گوتارەكەیدا، تیشكیشی خستە سەر هەرێمی كوردستان، كە لە ٣٠ی ٩ی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی ئەنجام دا، لەو رێككەوتەش بە دواوە، بە هەموو شێوەیەك دەرفەتی زۆریان بە لایەنە براوەكان دا، تا حكوومەت پێك بهێندرێت، گوتیشی: "بەڵام ئێستا لە قۆناغێكداین، نابێ چاوەڕێ بكەین و كاتی كۆتایی هاتووە، پەرلەمان دەست بە رێوشوێنی پێویست دەكات، كە سەرۆكایەتیی هەرێم كارا بكرێتەوە و سەرۆكی هەرێم هەڵبژێرێت و كاندیدی سەرۆكوەزیرانیش راسپێردرێت، رایدەگەیەنین لەمڕۆوە یەك چركە چاوەڕێ ناكەین و بە زووترین كات حكوومەت پێك دەهێنین".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە