بەندکراوێکی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا کوژرا

بەرواری بڵاوکردنەوە :
بەندکراوێکی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا کوژرا

پەیامی کورد... بەندکراوێکی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا کوژرا

هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی کرماشان دوای ئەوەی لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی تاران دەستبەسەر کرا، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی هەنگاو، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی میلاد جەعفەری تەمەن ٢٥ ساڵ دوای ئەوەی پێنج شەممەی حەوتووی ڕابردوو ١٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ (٧ی ئەپریلی ٢٠٢٢ ) لەلایەن هێزەکانی ئدارەی ئاگایی تاران دەستبەسەر کرابوو لە دەستبەسەرگەی ئاگایی شاپوور کە یەکێک لە ناوزڕاوترین دەستبەسەرگەکانی ئێران هەژمار دەکرێت، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست داوە.

یەکێک لە نزیکانی میلاد جەعفەری لەوبارەوە وتی: «تەرمی میلاد حەوتووی ڕابردوو گوازراوەتەوە بۆ پزیشکی یاسایی کەهریزەک و بە پێی ئەو وێنانەی کە نیشان باوکی دراوە ئاسەواری ئەشکەنجە و لێدان و شین بوونەوە بە سەر سینگ و هەروەها خوێنبەربوون بە سەر لووت، دەم و گوێی بە ڕوونی دیار بووە».

ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لە درێژەدا وتی: «تەرمی میلاد ڕۆژی هەینی ١٩ی خاکەلێوە براوەتە پزیشکی یاسایی و بنەماڵەکەی چوار ڕۆژ دواتر ئاگادار کراونەتەوە و هێزە ئینتزامییەکانیش ڕێکەوتی مردنی ناوبراویان ٢٢ی خاکەلێوە ڕاگەیاندووە. هەروەها پزیشکی یاسایی هۆکاری مردنی ناوبراوی بەربوونەوە لە بەرزایی لە کاتی هەڵاتن لە دەستی هێزە ئینتزامییەکان ڕاگەیاندووە».

بنەماڵەی جەعفەری وێڕای تۆمارکردنی سکاڵا لە وەرگرتنەوەی تەرمی ڕۆڵەکەیان خۆیان بواردووە و ڕایانگەیاندووە هەتا کاتێک توێکاری پزیشکی بۆ نەکرێت تەرمەکەی وەرناگرنەوە.

میلاد جەعفەری خەڵکی شارۆچکەی سەرفیروزئاوا سەر بە کرماشان و دانیشتووی تاران بووە و لە سێڕێیانی ئەفسەرییەی تاران لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی «ئومێدێک» بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١ دا لانی کەم ١٧ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێراندا گیانیان لە دەست داوە کە ١٠ کەسیان لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە