بەندکراوێکی کورد لە کرماشان لەسێدارە درا

بەندکراوێکی کورد لە کرماشان لەسێدارە درا


پەیامی کورد... بەندکراوێکی کورد لە کرماشان لەسێدارە درا

سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی شاباز لەتیفی سرینی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری کرماشان (دیزڵ‌ئاوا) جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی شاباز لەتیفی سرینی، تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی شاری کرماشان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە (دیزڵ‌ئاوا) جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم بەندکراوە دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی و پۆلیسێک بە چەکی گەرم، دەستبەسەر کراوە و سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتییە تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەتایبەت ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە دەزگای دادوەریی حکوومەت بڵاو نەکراوەتەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە