پەیامی کورد... بەندکراوێکی سیاسی ژن لە بەندیخانەی ئورمیە کۆرپەکەی بە دونیا هێنا
سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار کە زیاتر کە ٨ مانگە لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە ڕاگیراوە، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٧٢٢ کۆرپەکەی لەدایکبوو و بێ ئەوەی هیچ کام لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لەلای بن و هیچ زانیاراییەکیان لەسەر تەندروستی سوعدا نەبووە و ناوبراو هەتا ٣ کاتژمێر پێش لە لەدایکبوونی کۆرپەکەشی لە بەندیخانە بووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەنگاو ئەم لەدایکبوونە دوای دوو هەفتە وەدرەنگ کەوتن بووە و کاتژمێر ٥ی بەیانی ڕۆژی دووشەممە لە حاڵێکدا کە تەندروستی و سوعدا و کۆرپەکەی لە مەترسیدا بووە و هەروەها دەست و لاقی ناوبراو هەڵماسیوە ، گوازراوەتەوە بۆ یەکێک لە بنکە تەندروستییەکانی ئورمیە و بێ هەبوونی ئەندامانی بنەماڵەکەی منداڵەکەی لەدایک بووە.
هەرچەند یەکێک لە پزیشکەکانی بەندیخانەی ئورمیە سەرەتای جۆزەردان وتبووی کە سوعدا دەبێ بە خێرایی ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێت، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانە نەک ئیزنیان نەداوە بیگوازنەوە بۆ بەندیخانە، بەڵکوو لە هەرچەشنە خزمەتگوزارییەکیش بێبەشیان کردووە.
سوعدا خەدیرزادە لە ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ هەتا شەممە ١٧ی بانەمە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ٧ مانگ ناڕوونی چارەنووسی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە مانی لە خواردن گرتبوو کە دوای ١١ ڕۆژ و بەڵێنی بەرپرسانی بەندیخانە لە سەر جێبەجێکرانی داواکارییەکانی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.
هەنگاو ماوەیەک پێش تۆمارێکی دەنگی سوعدا خەدیرزادەی بڵاو کردەوە کە، سوعدا خەدیرزادە تێیدا دەڵێت منیان وەک بارمتە لە بەندیخانە ڕاگرتووە و بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ هەڕەشەیان لە من کردووە.
سوعدا خەدیرزادە تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرایەوە. ناوبراو دوای ٢٥ ڕۆژ و تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و لەو کاتەوە بێ ئەوەی دادگایی بکرێت لە بەندی ژنان ڕاگیراوە لە خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە قۆناغی دووگیان بوون بێبەش کراوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە