پەیامی کورد ... بەڕێوبەرایەتی ئاوی هەولێر هەواڵیکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە
دوای گواستنەوەی هێڵەکانی ئاوی ئیفراز، بڕیارە ئەمشەو ئاو بگاتەوە شاری ھەولێر و بەڕێوبەری ئاوی ھەولێریش دەڵێت، کارکردن لە گواستنەوەی بۆڕییەکان کۆتایی ھاتووە.
ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر، ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی بۆڕیی ژمارە سێی ئاوی ئیفراز لە کاتی کارکردن بۆ گواستنەوەی ئاو زیانی بەر کەوت و شکا، تیمەکانی چاککردنەوە ماوەی دوو ڕۆژ خەریکی چاکردنەوە و گواستنەوەی ھەرسێ هێڵی ئاوی ئیفراز بوون و کارەکانیان تەواو بووە."
بەڕێوبەری ئاوی ھەولێر ووتی: "بۆڕییەکان گواستراونەتەوە و بڕیارە ئەم ئێوارەیە وەک تێست بخرێنە کار و بە شێوەیەکی کاتی تاقی بکرێنەوە، تا بزانین بەتەواوەتی چاک بوونەتەوە و کێشەی تریان تێدا نییە."
دەربارەی گەڕانەوەی ئاو بۆ شاری ھەولێر، ئەندازیار ئاری ئەحمەد، جەختی کردەوە: "ئەگەر کێشەی دیکەمان بۆ درووست نەبێت درەنگانی ئەمشەو لە ڕێگەی ھەرسێ هێڵی ئیفرازەوە ئاو دەگاتە شاری ھەولێر و بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت، واتە کێشەی کەمئاوی بەھۆی گواستنەوەی هێڵەکانی ئاوی ئیفرازەوە کۆتایی دێت."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە