١٣ بڕیاری گرینگ لە لایەن پارێزگای هه‌ولێر ەوە ده‌ركرا

١٣ بڕیاری گرینگ لە لایەن پارێزگای هه‌ولێر ەوە ده‌ركرا
پەیامی کورد     ...   ١٣ بڕیاری گرینگ لە لایەن پارێزگای هه‌ولێر ەوە ده‌ركرا

پارێزگای هه‌ولێر ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، به‌مه‌به‌ستی ڕێگه‌گرتن له‌ دیارده‌ی ناشیرین و دوور له‌ ئادابی گشتی و ڕوونه‌دانی ڕووداوی نه‌خوازراو و ڕێكخستنی كار و پڕۆگرامی ئاهه‌نگی شه‌وانه‌ی (هۆتێل، ڕێستورانت، باڕ، هۆڵه‌كان)، ١٣ بڕیاری ده‌ركرد.
به‌گوێره‌ی ڕاگه‌ێندراوێكی پارێزگای هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و به‌مه‌به‌ستی ڕێگه‌گرتن له‌ دیارده‌ی ناشیرین و دوور له‌ ئادابی گشتی و ڕوونه‌دانی ڕووداوی نه‌خوازراو و پاراستنی داب و نه‌ریت و ڕێكخستنی كار و پڕۆگرامی ئاهه‌نگی شه‌وانه‌ی (هوتێل، ڕێستورانت، باڕ، هۆڵه‌كان)، به‌سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و ئاماده‌بوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار، له‌ دیوانی پارێزگا، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت ئه‌نجامدرا، 13 بڕیار ده‌ركران، سه‌رجه‌م بڕیاره‌كانیش له‌ 1ی (كانونی دوه‌م/1)ی 2022 ده‌خرێنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

ده‌قی بڕیاره‌كانی پارێزگای هه‌ولێر:

یه‌كه‌م: مووڵه‌تی كاركردنی گه‌شتیاری ئاهه‌نگێڕانی شه‌وانه‌، ته‌نها ده‌درێت به‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان.
دوه‌م: به‌كارهێنانی مووڵه‌تی كاركردن ته‌نها له‌ (هوتێل، ڕێستورانت، باڕ، هۆڵه‌كان)ی چوار ئه‌ستێره‌ و پێنج ئه‌ستێره‌ ده‌بێت.
سێیه‌م: نابێت خاوه‌ن مووڵه‌ت به‌بێ پشتگیری به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی ڕۆشنبیری و هونه‌ری هه‌ولێر و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی گه‌شت و گوزاری هه‌ولێر) ڕێگه‌ به‌ گۆرانی بێژ و هونه‌رمه‌ندان بدات بۆ گۆرانی ووتن له‌ ئاهه‌نگی شه‌وانه‌. 
چواره‌م: ده‌بێت خاوه‌ن مووڵه‌ت له‌ئاهه‌نگی شه‌وانه‌ به‌ڕێژه‌ی (50%) به‌شداری به‌ هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژی كوردستان بكات.                                           
پێنجه‌م: ده‌بێت شوێنی ئاهه‌نگ گێڕانی شه‌وانه‌ ڕوپۆشكرابێت به‌ به‌ربه‌ستی ده‌نگ(عازل الصوت).                                                                  
شه‌شه‌م: ده‌بێت خاوه‌ن مووڵه‌ت گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ گۆرانی بێژ و هونه‌رمه‌ند بكات، نابێت گۆرانی بێژ و هونه‌رمه‌ندیش جگه‌ له‌و ڕێكه‌وتنه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌ن مووڵه‌ت كردویه‌تی له‌هیچ هۆڵ و شوێنێكی تر كاربكات.                 
حه‌وته‌م: ته‌مه‌نی ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی له‌و شوێنانه‌ كارده‌كه‌ن ده‌بێت له‌سه‌رووی (20) ساڵ بێت.                                                                               
هه‌شته‌م: ئاهه‌نگی شه‌وانه‌ تاوه‌كوو كاتژمێر(1)ی شه‌و ڕێگه‌ پێدراوه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌رپێچیكار ڕێكاری یاسایی ده‌گیرێته‌به‌ر. .
نۆیه‌م: له‌سه‌ر خاوه‌ن مووڵه‌ت پێویسته‌ به‌ڵێننامه‌ واژوو بكات و پابه‌ندی ته‌واوی ئه‌و بڕیارانه‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌كاتی بوونی هه‌ر سه‌رپێچیه‌ك سزا ده‌درێت به‌ پێبژاردن و داخستنی هۆڵ و شوێنی ئاهه‌نگ گێڕان و لێسه‌ندنه‌وه‌ یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مووڵه‌تی كاركردنه‌كه‌ی.
1- پارێزگای هه‌ولێر، له‌كاتی هه‌بوونی هه‌ر بۆنه‌یه‌كی ئائینی، ڕۆژێكی ماته‌مینی گشتی و ڕۆژی تایبه‌ت، بریار له‌باره‌ی گۆڕانكاری له‌ كاتی ئه‌نجامدانی ئاهه‌نگ یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌دات. 
2- له‌كاتی ئاهه‌نگگێڕان، هه‌ڵدانی پاره‌، ناوهێنانی كه‌سایه‌تییه‌كان، هه‌ڵسوكه‌وتی بێزاركه‌ر، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه‌ و ئه‌نجامده‌رانی و خاوه‌نی هۆڵ به‌رپرسیارن و ڕێكاری یاساییان له‌به‌رامبه‌ر داده‌گیرێته‌به‌ر.
3- چوونه‌ ژووره‌وه‌ی خوار ته‌مه‌ن (18) ساڵ بۆ ئاهه‌نگی شه‌وانه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه‌، جگه‌ له‌ ئاهه‌نگی خێزانی تایبه‌ت نه‌بێت.
4- خاوه‌ن مووڵه‌ت به‌رپرسه‌ له‌ كۆنتڕۆڵی ئه‌منیه‌تی شوێنه‌كه‌ی و له‌سه‌ریه‌تی ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ڕێگه‌ پێدراوه‌كانی پاسه‌وانی بكات.
5- جگه‌ له‌و گۆرانی بێژ و هونه‌رمه‌ندانه‌ی گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ كراوه‌ بۆ گۆرانی ووتن له‌گه‌ڵ خاوه‌نی مووڵه‌ت، چوونه‌ سه‌ر ستیج و گۆرانی ووتن به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك بۆ هه‌موو كه‌سێك قه‌ده‌غه‌یه‌.
6- ده‌بێت گۆرانی بێژ بۆ گۆرانی ووتن له‌ ئاهه‌نگی شه‌وانه‌، مووڵه‌ت له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی ڕۆشنبیری و هونه‌ری هه‌ولێر وه‌رگرێت به‌پێی ئه‌و مه‌رجانه‌ی دیاریانكردوه‌.                                     
7-سه‌رجه‌م ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی له‌هۆڵه‌كانی ئاهه‌نگگێڕان كارده‌كه‌ن، ده‌بێت كارتی ته‌ندرووستی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی ته‌ندرووستی هه‌ولێریان هه‌بێت به‌پێی ئه‌و مه‌رجانه‌ی دیاریانكردوه‌.
ده‌یه‌م: قوماركردن به‌ ئامێر، سه‌رجه‌م شێوه‌ و شێواز و جۆره‌كانییه‌وه‌ به‌ هه‌مسو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه‌، هه‌ركه‌سێك له‌هه‌ر شوێنێك بیكات، ڕێكاری تووندی یاسایی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ و شوێنه‌كه‌ ده‌گیرێته‌به‌ر، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ده‌ستكراوه‌كراون بۆ چاودێریكردن و به‌دواداچوون و ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ و داخستنی ئه‌و شوێنانه‌ و وه‌رگرتنی ڕێكاری پێویست.                                                            
یازده‌یه‌م: خواردنه‌وه‌ی ماده‌ كحوولیه‌كان(مه‌شرووب) له‌سه‌ر شه‌قام، باخچه‌، پارك، ناو ئۆتۆمبێل، شوێنه‌گشتییه‌كان، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه‌ و هه‌ركه‌س سه‌رپێچی بكات  ڕێكاری تووندی یاسایی له‌به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر.  
دوازده‌یه‌م: لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، له‌به‌رامبه‌ر ته‌واوی خاڵه‌كانی ئه‌م بڕیارانه‌، به‌رپرسیارن له‌ (جێبه‌جێكردن، مۆڵه‌تدان، به‌دواداچوون و گرتنه‌به‌ری ڕێكاری یاسایی).                                       
سێزده‌یه‌م: سه‌رجه‌م قائیمقام و به‌ڕێوبه‌ری ناحییه‌كانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر، به‌رپرسیارن له‌به‌رامبه‌ر جێبه‌جیكردنی ئه‌و بریارانه‌ وه‌كوو خۆی، ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویشیان پێده‌درێت ‌بۆگرتنه‌به‌ری ڕێكاره‌كان. 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە