پەیامی کورد... بەشێک لە کاردانەوەکان بۆ مەرگی ژینا (مهسا) ئەمینی
دوای ئەوەی ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن پۆلیسی تارانەوە بە بیانووی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشیی، ئەشکەنجە درا و دوێنێ 16ی ئەیلوولی 2022 لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، رووداوەکە ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە. بەشێکی زۆری هونەرمەند و نووسەر و چالاکوانانی ئەو وڵاتە هەڵوێستیان نواند.
بەهۆی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، لە شاری سەقز هاوڵاتیان لەگەڵ ناشتنی تەرمەکەیدا، ناڕەزایەتییان دەربڕی و کوژراو و بریندار هەیە، کە تا ئێستا زانیاریی ورد لەوبارەیەوە رانەگەیەندراوە.
بەپێی چەند گرتە ڤیدیۆیەک، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، لە تاران تا درەنگانی شەوی رابردوو خۆپیشاندانی بەرفراوان بەڕێوەچووە. خۆپیشاندەران درووشمی جیاوازیان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران گوتووەتەوە و هێڵی ئینتەرنێت لە تاران و بەشێکی ئێران سنووردار کرابوو.
مەرگی ژینا لەناو هونەرمەند و نووسەر و چالاکواندا دەنگی دایەوە و ئەسغەر فەرهادیی، لەوبارەیەوە نووسیویەتی: لە دوێنێوە هەواڵی مەرگی تۆم خوێندۆتەوە، بێزار و بێ قەرارم. تۆ لەسەر تەختی نەخۆشخانە نووستوویت، بەڵام لە هەموومان بێدارتریت، ئەوە ئێمەین لە کۆماداین.
بەهنوش تەباتەبائیی ئەکتەریش نووسیویەتی: تۆ ئێرانیت کە لە تاریکیی کۆمادایە.
ئەکتەری ئێرانیی ئەلناز شاکردۆست سەبارەت بە مەرگی ژینا نووسیویەتی: ئەم رۆژانە زۆر تەڵخن.
خانمە ئەکتەرییش بەهنوش بەختیاری دەڵێت: جەخار کە ناچارین بەبێدەنگیی. سەد ئەفسوس کە دەمم قوفڵدراوە.
رضا کیانیانی ئەکتەریش دەڵێت: مەهسا ئەمینییش رۆیشت، ئاه ئەی فریشە غەزەب لێگیراوەکان، رۆیشتن بۆ یاریگاتان لێ قەدەغەیە. سەفەرتان بۆ دەرەوەی وڵات بەبێ مێردەکانتان قەدەغەیە. ئارایشتان قەدەغەیە، دەنگتان قەدەغەیە. جوانیتان قەدەغەیە و جلپۆشینتان قەدەغەیە. لەوانەیە باشتر بوایە هەر خودی ژن قەدەغەبوایە.
خانمە ئەکتەری ئێرانییش شەبنم فەرشادجو، بۆ مەرگی ژینا، حیجابی فڕێدا.
علی دایی، ئەستێرەی تۆپی پێی ئێران، نووسیویەتی: "چی هێناتی بۆ ئەم سەرزەمینە. کچەکەم لێم دەپرسێت چی روویداوە؟ چ وەڵامێکم هەبێت".
ئیبراهیم حامدی، گۆرانییبێژیش نووسیویەتی: دڵی خوێنینی ئێران. گەلانی ئێران هەڵدەستن و بەسەر ئەم ئەستێرەی مەرگەدا سەردەکەون.
ترانه عەلیدۆستیی ئەکتەر لە ئینستاگرام نووسیویەتی: " نەفرەت لەم دیلییە".
کیمیا عەلیزادەی یاریزانی تایکواندۆش ئاماژە بە چوون بۆ چلەی ئیمام حسێن، دەڵێت: "ئەو یەکێک بوو لە ئێمە. یەکێک لە کچانی ئێران. هێشتا دەچیت بۆ کەربەلا؟ دەشگریت؟ بۆ لێوی تینوو و دەستی بڕاو؟".
زەهرا رەهنورد، هاوژینی میر حەسەن موسەویی لە پەیامێکدا پێش بڵاوبوونەوەی مەرگی ژینا، نووسیویەتی: "سەرئەنجام فەرمانڕەوا توندوتیژی و دڵڕەقی دژ بە ژنان پیادە دەکات، کە تەنانەت لە سەدەکانی ناوەڕاستیشدا پێشینەی نییە".
جێگای ئاماژەیە تا دێت ناڕەزایەتییەکان بۆ مەرگی ژینا ئەمینی زیاتر دەبێت و هاوڵاتیان بە شێوازی جیاواز، ناڕەزایەتیی خۆیان دەردەبڕن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە