هۆزە عەرەبییەكان: لەگەڵ گەڕانەوەی پێشمەرگەین بۆ کەرکوک

هۆزە عەرەبییەكان: لەگەڵ گەڕانەوەی پێشمەرگەین بۆ کەرکوک

وتەبێژی دەستەی هۆزە عەرەبییەكانی كەركوك دەڵێت، كە لە لایەن حەشدی شەعبییەوە لە شاری كەركوك ودەوروبەری پرۆسەی بەشیعەكردنی ناوچەكە ئەنجام دەدرێت و ئەگەریش ڕێگری لێنەكرێت ئەوا كاریگەری خراپی بۆ ئێستاو داهاتووی شارەکە دەبێت.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا (شێخ مەسرۆر جبوری) وتەبێژی دەستەی هۆزە عەرەبیەكانی كەركوك رایگەیاندووە، کە لەدوای (١٦)ی ئوكتۆبەری ساڵی رابردووەوە، شاری كەركوك لە سایەی حەشدی شەعبی وهێزە ئەمنییەكانی دیكەی عێراق ئارامی وسەقامگیری بەخۆوە نەبینیوە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بارۆدۆخی شارەکە خراپتر دەبێت.

دەشڵێت، لەئێستادا ترس و دڵەڕاوكێی لە نێوان دانیشتوانی كەركوك دروست بووەو دانیشتوانی شارەکە لەدۆخەکە نیگەرانن.

وتەبێژی هۆزە عەرەبەکان ئاشکراشیکردووە، کە  لەئێستادا لە لایەن حەشدی شەعبییەوە پرۆسەی بە شیعەكردن لە كەركوك و دەوروبەری ئەنجامدەدرێت و ئەگەر ڕێگری لێنەكرێت ئەوا كاریگەری خراپی لە هەموو ڕوێكەوە دەبێت.

جەختیشیکردووەتەوە، کە ئەوان وەكو هۆزە عەرەبییەكانی پارێزگای كەركوك بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ هەبوون و مانەوەی حەشدی شەعبی نین لەناوچەكە، چونكە بە مانەوەی حەشد مەترسییەكان بۆ سەر کەرکوک زیاتر دەبێت.

شێخ مەسرۆر جبوری دەشڵێت، ئێمە بەتەنها لەگەڵ ئەوەداین كە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەكەو ئەوان ناوچەكەمان بپارێزن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە